لە ڕۆژی جیھانی بێسەروشوێن بووان وۆرکشۆپێک لەلایەن رێکخراوی نێودەوڵەتی بێسەروشوێن بووان لە عێراق ڕێکخرا
14__2023_08_31_h12m10s33__RM.jpg)
ھەولێر-KDP.info- لە ڕۆژی جیھانی بێسەروشوێن بووان وۆرکشۆپێک لەلایەن رێکخراوی نێودەوڵەتی بێسەروشوێن بووان لە عێراق رێکخرابوو، کە تێیدا شاندی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان لایەنە پەیوەندیدارەکان تێدا بەشداربوون لە وۆرکشۆپەکەدا گفتوگۆ دەربارەی رێکارە یاساییەکان و داتا و کارەکانی رێکخراوەکان و ھەڵسەنگاندنی کارەکانی حکوومەت کرا
ڕۆژی چوارشەممە رێککەوتی ٣٠ی٨ لە ڕۆژی جیھانی بێسەروشوێن بووان وۆرکشۆپێک رێکخرا و نوێنەری وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق و کەسوکاری قوربانیان و بێ سەروشوێن بووان لە سەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراق و رێکخراوەکانی تایبەت لەم بوارە تیایدا بەشداربوون.
شاندی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان پێکھاتبوو لە بەڕێزان بەرەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەت و کەریم کاوە، بەڕێوەبەری گشتی سۆران و ھێمن مام رەش، لە بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکانی وەزارەت بەشداربوون لە وۆرک شۆپەکە کە لەلایەن رێکخراوی نێودەوڵەتی بێسەروشوێن بووان لە عێراق رێکخرابوو.
لە وۆرکشۆپەکەدا گفتوگۆ دەربارەی رێکارە یاساییەکان و داتا و کارەکانی رێکخراوەکان و ھەڵسەنگاندنی کارەکانی حکوومەت کرا، ھەروەھا نوێنەری قوربانیەکان وتار و داواکاریان لە ھەردوو حکوومەت ھەبوو، دواتر وتاری وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان لەلایەن بەرێز بەرەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەت پێشکەش کرا و لە میانەی وتارەکەیدا تیشکی خستە سەر یاسایەکانی تایبەتمەند بە کاروباری ونبووان لە ھەرێمی کوردستان کە تایبەتە بە ونبووانی کۆمەڵکوژیەکانی ھەرێمی کوردستان و یاسای ژمارە ٩ی ماف و ئیمتیازاتەکانی شەھیدان و ئەنفالکراوان کە تیایدا باس لە قوربانیانی ئەنفالکراوان و ئەوانەی شوێن بزر بوونە دەکات، و باسی لە پۆلێنی وونبوان کرد لە ھەرێمی کوردستان، کە دابەش دەبێت بەسەر بێسەروشوێن بووانی کۆمەڵکوژیەکان لە عێراق کە پشکی شێر بەر کورد کەوتووە، ھەروەھا ئەوانەی لە جەنگەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ململانێ چەکدارییەکانی تری ھەرێم و قوربانیانی تیرۆر و شەڕی داعش و ھاوپەیمانی دژی داعش کە تیایدا چەندان کەس بێ سەروشوێنن ھەتا ئێستا.
ھاوکات لە وۆرکشۆپەکەدا ڕۆڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەڵسەنگێندرا، و ئاماژە بە یاسا بەرکارەکان و کەلێنەکانیان کرا، ھەروەھا باس لە ھەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێم و ڕۆڵی لیژنە تایبەتمەندەکان و لایەنە پەیوەندارەکان کرا، لە کۆتاییدا چەندین راسپاردە و پێشنیار پەسندکران بۆ بەدواداچوونی زیاتری پێشخستن، ھەروەھا رێکخستنی داتاو زانیاریەکان رێکارەکانیان لە ڕوویی یاسایی، زانستی و نێودەوڵەتی لە ئاستی ھەردوو حکوومەت بۆ ئاسانکاری و خزمەتی کەسوکاری قوربانیان.




