كتێبی ”نەخشەڕێگەیەك بەرەو ئاشتی” بڵاو بووەوە

كتێبی ”نەخشەڕێگەیەك بەرەو ئاشتی” كە توێژینەوەی هاوبەشی ١٢ نووسەری دیاری ناوخۆ و بیانییە لەسەر دۆخی ئێستای عێراق و هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ لە مەراسیمێكدا لە هوتێل ڕۆتانای هەولێر بڵاو بووەوە.
كتێبەكە، كە بە زمانی ئینگلیزییە، پڕۆژەیەكی هاوبەشی نێوان ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان و پۆلێك ئاكادیمیی بە ئەزموونە و، هاوكات وەڵامدانەوەیەكی هاوبەشی ئەو توێژەرانەیە بۆ نەخشەڕێگە و ڕوانگەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی بۆ داهاتووی عێراق و هەرێمی كوردستان.
ئەم توێژەرانە، كە لە كۆمەڵگەی ئەكادیمیی دەرەوە خاوەنی پێگەی دیارن، لە كتێبەكەدا پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی خۆیان بۆ ڕوانگەی نێچیرڤان بارزانی بۆ سەقامگیری لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەردەبڕن و بە دروست لە قەڵەمی دەدەن. سەرجەم ئەو نووسەرانە هاوڕای سەرۆكی هەرێمن لەوەدا كە سەروەریی دەوڵەتی عێراق و قەوارەی دەستووری هەرێمی كوردستان بە یەك ئەندازە لەژێر گوشاردان و، ئەو مەترسییە هاوبەشە دەتوانێت ببێتە هەوێنی دەرفەت و ڕێككەوتنێكی نیشتمانی كە بەرژەوەندیی هەردوولا بپارێزێت. نێچیرڤان بارزانی لە ماوەی ڕابردوودا بانگەشەی ڕوانگەیەكی هاوبەشی نیشتمانیی لەنێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە كردووە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی جێگیر كە سەقامگیری سیاسی و ئەمنی لە عێراق و كوردستان مسۆگەر بكات.
د. ئیقبال دورێ، د. سەعید شەمس، د. دەیڤید فیلیپس، د. پۆڵ بڵەكلێج و د. دەیڤید ڕۆمانۆ و ژمارەیەك نووسەری دیاری تر توێژینەوەكانی خۆیان لەو كتێبەدا بڵاو كردووەتەوە.




