٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. شاخەوان عەبدوڵڵا: سبەی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات

سەرچاوە: KDP.info

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد: بڕیارە سبەی ڕۆژی یەکشەممە شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات، دەشڵێ: کاتی ناردنی مووچەی فەرمانبەران دیاری دەکرێت.

د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: بڕیارە سبەی ڕۆژی یەکشەممە شاندی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات، ڕێککەوتن دەکرێت لەسەر کاتی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، چونکە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ خەریکی ئامادەکردنی لیستی مووچەی فەرمانبەرانە بۆ مانگی ئاب، دەبێت ھاوشێوەی بەغدا کاتی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانیش ڕابگەیەندرێت، سبەی شاندی ھەرێم لە بەغدا کاتی ناردنی مووچە ئاشکرا دەکات.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت: ھیچ بیانوویەک نەماوە بۆ نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم، مانگانە مووچەی فەرمانبەران لە کاتی خۆیدا ڕەوانە دەکرێت، پاکتاوی شەش مانگی ڕابردووش کۆتایی ھاتووە، چەندی پارەی ھەرێم لای بەغدا مابێت پێویستە خەرج بکرێت.

د. شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئەوەی ڕەوانە دەکرێت پشکی ھەرێمی کوردستانە، وەک ئەوەی پێشتر سولفە ڕەوانە ناکرێت، ھاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق یاسای بودجە جێبەجێ دەکرێت، جگە لە ناردنی مووچە، حکوومەتی فیدڕاڵ بودجەی وەبەرھێنانی پشکی ھەرێمی کوردستانیش ڕەوانە بکات.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار