سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر دەنگ لەسەر بەقەزابوونی ھەریر دەدات

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر گوتی، سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر کۆدەبێتەوە و تێیدا دەنگ لەسەر بەقەزابوونی ھەریر دەدرێت و ناحیەی باسرمەشی پێوە دەلکێندرێت.
دکتۆر عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بڕیارە سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر کۆبوونەوەی ئاساییی خۆی ئەنجامبدات و تێیدا لیژنەی ناوخۆ راپۆرتی خۆی دەخوێنێتەوە، لەبارەی نووسراوی پارێزگای ھەولێر کە ئاراستەی ئەنجوومەنی پارێزگای کردووە، بۆ ھێنانە کایەی قەزای ھەریر و ناوەندەکەی شارۆچکەی ھەریر دەبێت و دووەم پچڕانی ناحیەی باسرمە لە قەزای شەقڵاوە و لکاندنی بە قەزای ھەریر و دواتریش ئەندامان بۆیان ھەیە گفتووگۆ بکەن و تێبینی خۆیان بخەنە ڕوو لەسەر ڕاپۆرتەکە".
دکتۆر عەلی ڕەشید ئاماژە بەوەش دەکات: "بڕیارە ھەر لەکۆبوونەوەی سبەی دەنگ لەسەر بەقەزابوونی ھەریر بدرێت و ناحیەی باسرمەی پێوە بلکێندرێت و پەسەند بکرێت، چونکە پێمان وایە دەنگ دێنێت و پەسەند دەکرێت".
جێگای ئاماژەیە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر سبەی کاتژمێر 11:30 خولەکی پێش نێوەڕۆ بەرێوەدەچێت.
بڵند ئیبراھیم




