٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان ھەولێر و ئورمیە واژوو دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەحاجی ئۆمەران لە نێوان پارێزگاری ھەولێر و ئورمیە بەرێوەدەچێت، کە چەندین خاڵی گرنگ لە خۆ دەگرێت، لەوانە ھاتنی نیو ملیۆن زیارەتکاری ئێرانی بۆ ھەرێم و کردنەوەی مەرزی کێلەشین لە دەڤەری سیدەکان.

عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای ئەوەی لەماوەی رابردوو لە ئورمیە کۆنفڕانسێکی گەورە لەنێوان پارێزگارەکانی ھەرێم و پارێزگاری ئورمیە و وەزیری ناوخۆ و جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجامدرا لەبارەی سنوورەکان و جوڵەی بازرگانی، لەوێ بڕیاردرا کە پارێزگاری ھەولێر و پارێزگاری ئورمیە و بەرپرسانی ھەردوو پارێزگا کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجامبدەن لەحاجی ئۆمەران، بۆیە ئەمڕۆ ئەو کۆبوونەوەیە دەکرێت کە پارێزگاری ئورمیە و 25 کەس دێنە حاجی ئۆمەران و لەگەڵ پارێزگاری ھەولێر و فەرماندەی ناوچەکە و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کۆدەبنەوە".

عەبدوڵڵا ئاکرەیی گوتیشی: "کۆبوونەوەکە چەند تەوەرێک لەخۆ دەگرێت، لەوانە ھاتنی زیارەتکارانی ئێرانی لەرێگەی ھەرێم بۆ عێراق کە نزیکەی نیو ملیۆن کەس دێنە ھەرێم و دەچنە چلەی ئیمام حوسێن و دواتر باسی کردنەوەی مەرزی کێلەشین دەکرێت و باسی سنوورەکانیش دەکرێت واتا ھەر کێشەیەک ھەبێت چارەسەر بکرێت".

ئاکرەیی باسی لەوەشکرد: "لەو کۆبوونەوەیە یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان پارێزگاری ھەولێر و پارێزگاری ئورمیە واژوو دەکرێت".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار