چیرۆکە نەگێڕدراوەکانی ئافرەتان لە ھەولێر

ھەولێر-KDP.info- بە ئامادەبوونی د. سالار عوسمان، پێشانگەی شێوەکاری ھونەرمەند ساکار فارووق لەژێر ناونیشانی چیرۆکە نەگێڕدراوەکانی ئافرەتان لە فێرگەی فرێمینگ لە ھەولێری پایتەخت کرایەوە.
بە ئامادەبوونی بەڕێزان (د. سالار عوسمان) ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی (پ. د. ک) و خاتوو ( ئەنایس بۆلیکێ) بەڕێوەبەری پەیمانگای گۆتە لە عێراق و ژمارەیەک لە ھونەرمەند و کەسایەتی، پێشانگەی شێوەکاری ھونەرمەند ( ساکار فارووق ) لەژێر ناونیشانی (چیرۆکە نەگێڕدراوەکانی ئافرەتان) لە فێرگەی فرێمینگ لە ھەولێری پایتەخت کرایەوە.
ئەم پێشانگەیە کە لە (٢٠) تابلۆ پێکھاتبوو ھەر تابلۆیەک، فۆرم و جوڵە و ھێڵ و ڕەنگێکی دەربڕین بوو، کە گێڕانەوەیەکی ناوازە دەگێڕێتەوە، زنجیرەیەکی جوانی و بەھێزی بەیەکەوە گرێدراو پێکدەھێنا.
ھونەرمەندی ناوبراو، پێشتر لە چەندین پێشانگە و پڕۆژەی ھونەری و وۆرک شۆپ لە سەرانسەری جیھاندا بەشداری کردووە.
ئەم پێشانگەیە لە چوارچێوەی پڕۆژەی (ھێلان)ە کە پڕۆژەیەکی پەیمانگای گۆتە لە عێراقە بە ھەماھەنگی سێڤ گەلەری و فێرگەی فرێمینگ بۆ وێنەی ڕۆژنامەوانی بەردەوامی دەبێت.




