٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ژمارەیەک پڕۆژەی ڕێگاوبان لە دھۆک جێبەجێدەکرێن

سەرچاوە: KDP.info

بەڕێوەبەری گشتی ڕێگاوبان و ئاوەدانکردنەوە لە پارێزگای دھۆک گوتی: ساڵانە بە گوژمەی جیاواز چەندین پڕۆژە لە بواری ڕێگاوبان دەخرێنە بواری جێبەجێکردن، ئەمساڵیش چەند پڕۆژەیەک کاری تێدا دەکرێت و بڕیارە پڕۆژەی نوێش پەسەند بکرێن.

ئەندازیار شێرزاد قادر، بەڕێوەبەری گشتی ڕێگاوبانی دھۆک بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ساڵانە زۆر پڕۆژەی بەرچاوی بواری ڕێگاوبان لە سنووری پارێزگای دھۆک دەچنە بواری جێبەجێکردن، تەنیا ساڵی ڕابردوو ٧٠ پڕۆژەی ڕێگاوبان بە گوژمەی نزیکەی ٢٦ ملیار دینار خراونەتە بواری جێبەجێکردن و نزیکەی ١٤٠ گوندی سنووری پارێزگای دھۆک سوودمەند بوونە، ئەو پڕۆژانە لە ساڵی ڕابردووەوە پەسەند کراون، بەڵام ٥٠%یان جێبەجێکردنیان کەوتووەتە ئەمساڵ و هێشتا کاریان تێدا دەکرێت.

بەڕێوەبەری گشتی ڕێگاوبان و ئاوەدانکردنەوەی دھۆک گوتیشی: لە ساڵی ٢٠٢٠ لە سنووری گوندەکانی دھۆک ١٩ پڕۆژە جێبەجێکراون و ٥٣ گوند لێیان سوودمەندبوونە و ٢٢ ملیار دیناریش خەرجی ئەو پڕۆژانە بووە، لە ساڵی ٢٠٢١یش لە تەواوی قەزاکانی سنووری دھۆک ٦١ پڕۆژە  بە گوژمەی ٥٩ ملیار دینار جێبەجێکراون، کە ٢٢١ گوند لێیان سوودمەندبوونە.

لەبارەی پڕۆژەکانی ئەمساڵیش ئەندازیار شێرزاد قادر گوتی: ژمارەیەک پڕۆژەی نوێ بۆ پارێزگای دهۆک  ئامادەکراون و بەرزکراونەتەوە بۆ لایەنە پەیوەنددارەکان، بەڵام تا ئێستا بڕیاری کۆتایی لەسەر نەدراوە بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێن، بەڵام دڵنیاین ئەمساڵیش لەبواری ڕێگاوبان پڕۆژە نوێمان دەبێت.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار