بڕیارەکە دەربارەی ناوچە کوردستانییەکان کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە
_(2)__2023_05_27_h14m34s50__ER.jpg)
بەغدا -KDP.info- نوێنەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرماندەییی هێزە هاوبەشەکانی عێراق گوتی، دوای هەوڵێکی زۆری سەرۆکئەرکانی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ بەغدا، توانرا بڕیارێک دەر بکرێت کە پێویستە هێزە هاوبەشەکانی عێراق لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان جووتیاری کورد بپارێزن، ئێستا بڕیارەکە کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە و جووتیاران بێ گرفت کاری خۆیان دەکەن.
نوێنەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرماندەییی هێزە هاوبەشەکانی عێراق، لیوا عەبدولخاڵق تەڵعەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دوای چەندین کۆبوونەوەی سەرۆکئەرکانی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی و ئەمنی لە بەغدا توانرا بڕیارێک دەر بکرێت لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقە بۆ پاراستنی ئەو جووتیارانەی دەغلودانیان کەوتووەتە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بۆیە هەموو هێزە هاوبەشەکان لەو ناوچانە لە کەرکووک و دیالە و مووسڵ پێویستە برا جووتیارەکان بپارێزن کە هەر کارێکی دروێنە، یاخود کشتوکاڵی دەکەن .
لیوا عەبدولخاڵق تەڵعەت گوتیشی: لە سەرەتای ئەم مانگەوە کاری جددی لەسەر ئەو پرسە کراوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی جووتیارانی ئەو سنوورانە بێ گرفت وەرزی دروێنە دەست پێ بکەن و کاری کشتوکاڵیی خۆیان بکەن و ئەرکی هێزە هاوبەشەکانی عێراقیشە پارێزگارییان لێ بکەن، بۆیە ئەو کۆبوونەوانەی سەرۆکئەرکانی پێشمەرگە، فەریق عیسا عوزێر، ئەنجامی باشی هەبوو کە توانرا ئەو بڕیارە لە بەرژەوەندیی جووتیارانی کورد دەر بکرێت.
بڵند ئیبراهیم




