کەریم سلێمان: ئامێری کشتوکاڵ گەیشتوون و بە قیست دەدرێنە جووتیاران
__2023_05_17_h18m39s40__HK.jpg)
هەولێر -KDP.info- بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەڵێت، ئامێری کشتوکاڵی گەیشتوون و بە قیست لەسەر جووتیاران دابەش دەکرێن، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بۆ پاراستنی بەرھەمی گەنم بڵاوەیان پێ کراوە.
کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بەپێی گرێبەستی وەزارەتی کشتوکاڵ لەگەڵ کۆمپانیایەکی بازرگانی ئامێری کشتوکاڵی بە قیستی درێژخایەن دەدرێنە جووتیاران، ئامێرەکان زۆرن و ئێستا ئامێری تراکتۆر گەیشتووە و بڕیارە نوێنەری کۆمپانیا لە ھەولێر و دھۆک لەگەڵ نوێنەری جووتیاران لەسەر چونیەتیی دابەشکردنی ئەو ئامێرانە بەسەر جووتیاراندا ڕوونکردنەوە بە جووتیاران دەدرێت، جگە لە تراکتۆر زۆربەی ئامێرەکانی دیکەی کشتوکاڵ دێنە کوردستان بۆ جووتیاران.''
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی: ''ھەر جووتیارێک بیەوێت سوودمەند بێت، سەرەتا ٢٠%ی نرخی کڕینی ئامێرەکە دەدرێتە کۆمپانیا و ئەوەی دەمێنێتەوە بە شێوەی قیست لە جووتیاران وەردەگیرێت، پێشتریش لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ ناوی جووتیاران تۆمار کراوە بۆ کڕینی ئەو ئامێرانە.''
لەبارەی پاراستنی بەرھەمی گەنم لە ڕووداوەکانی سووتان، کەریم سلێمان ڕوونی کردەوە: ''ساڵانە بۆ پاراستنی بەرھەمی گەنم لە کاتی پێگەیشتن لەسەر ئاستی ئیدارە خۆجێیەکان کۆبوونەوە دەکرێت و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بڵاوەیان پێ دەکرێت و تیمەکان دەخرێنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، بۆ ئەوەی ئەگەر خوانەخواستە حاڵەتی سووتان ھەبوو، بە زووترین کات ڕووداوەکە کۆنترۆڵ بکرێت.''
قائید میرۆ




