٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیوا عەبدولخالق بۆ KDP: فەرمانەکە دەرچووە.. ئەو کێشەیه‌ بۆ جووتیاران دروست نابێت

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەی ژووری ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق گوتی، بەبڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق لەناوچە کوردستانیەکان ئەرکی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانە کە جووتیاران بپارێزن و ھیچ مەترسیان لەسەر نەبێت تا وەرزی دروێنە ئەنجام دەدەن و بەرھەمەکانیشیان دەگوازنەوە، کە لەساڵانی رابردوو مەترسی لەسەر بەرھەمەکانیان ھەبوو.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەی ژوورە ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای ھەوڵ و ماندوبوونێکی زۆر توانرا فەرمانێک دەربکرێت لەفەرماندەی ھێزە ھاوبەشەکانی عێراق بۆ ئەوەی ھەموو فەرماندە ئۆپەراسیۆنەکان لەناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان ڕاسپێردراون بۆ پاراستنی دەخڵ و دانی جووتیاران لە ھەموو ئەو ناوچانەی دەکەونە سنووری عێراق تاوەکو وەرزی دروێنە تەواو دەبێت، ھاوکات فەرمانەکە دەرچووە و گشتاندنی بۆ ھەموو لایەک کراوە، کە فەرمانەکە لەلایەن سەرۆکوەزیران دەرچووە".

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت گوتیشی: "لە سنووری سوریا تا سنووری ئێران ھەموو فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە، مووسڵ، مەخموور، رۆژئاوای نەینەوا و کەرکووک کە دەکەونە سنووری عێراق ئاسان نیە کوردەکان بتوانن وەرزی دروێنە بکەن لەو ناوچانە، بۆیە ئەو فەرماندانە بەرپرسن لەوەی کوردەکان وەرزی دروێنە بکەن و گەنمی خۆیان بگوازنەوە بەبێ کێشە، کە مەترسیان بۆ دروست بێت و رێگریان لێ بکرێت یاخود بسووتێندرێت، چونکە ساڵانی پێشوو گرفتیان بۆ دروست دەبوو، بەڵام ئەمساڵ ئەو کێشەیان بۆ دروست نابێت".

تەڵعەت باسی لەوەشکرد: "جگە لەوەش کۆبوونەوەیەک ئەنجامدراوە کە لە ھەر شوێنێک پێویست بێت و مەترسی داعشی لەسەر بێت ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی لێ ئەنجامبدرێت".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار