قاسم شەشۆ: ھەبوونی چەندین ھێزی جیاواز مەترسیی لەسەر شنگال پەیدا کردووە
__2023_05_16_h17m48s57__HK.jpg)
شنگال -KDP.info- فەرماندەیەکی سەربازی لە شنگال پێی وایە ھەبوونی ژمارەیەک ھێزی جیاواز لە شنگال مەترسیی لەسەر ئەو شارە دروست کردووە و دەشڵێت، باشترین چارەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ھەرێم و بەغدایە بۆ نەھێشتنی مەترسییەکانی سەر شنگال.
قاسم شەشۆ، فەرماندەی پێشمەرگە لە شنگال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھەبوونی ژمارەیەک ھێزی چەکدار مەترسین بۆ سەر ناوچەکە و ئەو ھێزانە بوونەتە ھۆکاری تێکچوونی ڕەوشی شنگال و بەردەوام لەژێر ھەڕەشەدایە، چونکە ھەبوونی ھێزی جیاواز کاریگەریی لەسەر ڕەوشی ئەمنیی دەڤەری شنگال ھەیە و پێویستە ئەو ھێزانە لە شنگال نەمێنن.''
فەرماندەکەی پێشمەرگە دەشڵێت: ''ھێزێکی زۆری پەکەکە لە شنگال و ناوچەکانی سەر بەو قەزایە جێگیر کراون و بەردەوام بیانوو دەدەنە دەست تورکیا بۆ ئەوەی بوردومانی شنگال بکات، ئەمڕۆش دیسان کۆمەڵگەی خانەسۆر کراوەتەوە ئامانج.''
قاسم شەشۆ ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "باشترین چارەسەر بۆ ڕەواندنەوەی مەترسییەکانی سەر شنگال جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵییە، چونکە ئەگەر ڕێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا دەربارەی ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگاڵ جێبەجێ بکرێت، ئەوە مەترسییەکان لەسەر خەڵکی شنگال کەمتر دەبنەوە.''
قائید میرۆ




