سەرۆکی زانکۆ بۆ KDP: لیستمان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی کردووە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین دەڵێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری خەرجکردنی دەرماڵەی قوتابیانی دەرکردووە و ھەموو رێکارەکانیشی تەواو بووە و تەنھا ماوە لە وەزارەتی دارایی لیستەکە وەکو لیستی مووچەی مانگانە رابگەیەندرێت، واتا لەسەرەتای ساڵی خوێندن تا کۆتایی ساڵی خوێندن بۆیان حیسابە و دەرماڵەکەیان بەقۆناغ بۆ خەرج دەکرێت.
دکتۆر کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری خەرجکردنی دەرماڵەی قوتابیانی بۆ ئەمساڵ داوە، کە قوتابیانی ناوخۆ 40 ھەزار دینار مانگانە و قوتابیانی دەرەوەی شاریش 60 ھەزار دیناریان پێدەدرێت، ئێمە وەکو زانکۆی سەڵاحەدین ھەموو رێکارەکانی پێویستمان تەواو کردووە و لیستی ناوەکانیشمان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە بۆ ئەوەی پارەیان بۆ خەرج بکرێت و لە ئێستادا سەرجەم رێکارەکان کۆتایی پێھاتووە و تەنھا ماوە لیستەکە رابگەیەنین، بۆیە قوتابیان دڵنیا دەکەینەوە کە دەرماڵەیان بۆ خوێندنی ئەمساڵ پێدەدرێت".
دکتۆر کامەران یونس گوتیشی: "دەرماڵەی قوتابیان بۆ ئەمساڵی خوێندن لەسەرەتای دەستپێکردنی پرۆسەی خوێندن لەمانگی نۆوە تاوەکو کۆتایی ساڵی خوێندن ھەموو مانگێک بۆیان حیسابە، بەڵام ھەموو مانگەکان بەسەر یەکەوە دابەش ناکرێت و بەقۆناغ دەبێت، ھاوکات وەزارەتی دارایی دیاری دەکات ھەر قۆناغێک چەند مانگێک پێکەوە دەرماڵەیان پێدەدرێت".
بلڵند ئیبراھیم




