دکتۆرە ئەشواق جاف: ژینگه‌ی سیاسیی عێراق گۆڕاوه و زەمینەسازییەکی باش هەیە بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسەکان

ئه‌ورووپا –KDP.info- له درێژه‌ی زنجیره وێبیناره‌كانی لقی 6ی ئه‌ورووپای پارتی دیموكراتی كوردستان، وێبنارێكی تایبه‌تی بۆ د. ئه‌شواق جاف، ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و به‌رپرسی لقی 5ی به‌غدای پارتی دیموكراتی كوردستان ڕێک خرا لەژێر ناونیشانی ''کاریگەریی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لە بەهێزکردنی پێگەی کورد لە عێراقی فیدڕاڵ‌دا.''
دكتۆره ئه‌شواق جاف له باسه‌كه‌یدا تیشكی خسته‌سه‌ر ڕێککەوتنی سیاسیی ئیدارەی دەوڵەت و کارنامەی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق كه پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی تری ئیدارەی دەوڵەت بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت واژووی کردووە، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ڕێککەوتنەکەی له سێ خاڵی سه‌ره‌كیدا کۆ کردەوە کە گرنگترینیان ڕێككه‌وتنە له‌سه‌ر مه‌له‌فی نه‌وت له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، چونکە ئەمە دانپێدانانه به پرسی هه‌نارده‌ی نه‌وتی كوردستان به شێوه‌یەکی فه‌رمی له‌لایه‌ن حكوومه‌تی فیدراڵییه‌وه.
دکتۆرە ئه‌شواق جاف هه‌روه‌ها ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و به‌غدای له‌سه‌ر هه‌نارده‌کردنی نه‌وتی كوردستان بە مێژوویی وەسف کرد و گوتی متمانه‌ی زیاتر دەداتە كۆمپانیاكانی ده‌رهێنان و هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان. هاوکات بوونی نوێنەرێکی هەرێمی کوردستان لە سۆمۆ هەنگاوێکی گرینگە و گوتیشی: ''چەندین جار ئەوەمان داوا کردووە، بەڵام لەلایەن کابینەکانی پێشوو بە بیانووی جیا جیا جێبەجێ نەکراوە.''
بەرپرسی لقی 5ی بەغدای پارتی هه‌روه‌ها ڕوونی كرده‌وه كه‌وا خودی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تێبینیی لەسەر ئەو ڕێککەوتنانە هەبوو کە پێشتر لەگەڵ كۆمپانیاكانی نه‌وتی جیهانی واژوو کرابوون و پێی وا بوو کە دەبێت پێداچوونەوەیان پێدا بکرێت.
ئاماژەی بەوەش دا كه ئه‌م ڕێككه‌وتنه پەیامی ئەوەی بە خه‌ڵك و لایه‌نه سیاسییه‌كانی ناو عێراق و جیهان دا كه هه‌ردوو حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی فیدراڵی نیازپاكییان هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و مه‌له‌فانه‌ی له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به چاره‌سه‌رنه‌كراوی ماونه‌ته‌وه و گرنگیشه كه هه‌ردوو حكوومه‌ت بۆ سه‌رخستنی پرۆژه‌ی چاكسازی لە وڵات، کار لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان بکەن.
دکتۆرە ئەشواق جاف جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەو ڕێککەوتنەی تایبەت بە نەوتی هەرێم و دواتریش دەرکردنی یاسای نەوت و گاز خاڵی 23ی كارنامه‌ی حكوومه‌تی فیدراڵیی تازەیە كه ده‌ڵێت: "هه‌ردوو حكوومه‌ته‌كه لیژنه‌یه‌ك پێك دێنن له پسپۆڕانی دارایی و نه‌وت و یاسایی بۆ چاره‌سه‌ری پرسی نه‌وت و غاز و مووچه و له ماوه‌ی جێبه‌جێكردنی ئه‌و ڕێککەوتنه‌دا نابێت هیچ هه‌نگاوێكی ئیستفزازی دژی هه‌رێمی كوردستان بنرێت و ده‌بێت ده‌رفه‌ت بدرێت به‌م دوو حكوومه‌ته بۆ چاره‌سه‌ری گرفته‌كان."
گوتیشی: ئەو ڕێککەوتنە ئیمزای لایه‌نه‌كانی پێكهێنانی حكوومه‌تی لەسەرە و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش ئاگادار و چاودێره لەسەر ڕێککەوتنەکە.
ناوبراو هه‌روه‌ها له‌سه‌ر پرسی په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی عێراق بۆ سێ ساڵ ئاماژه‌ی به‌وه دا: ''ئێمه وه‌ك كورد هاوڕاین لەگەڵ ئەو پڕۆژەیە و دیاره ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق سه‌ڵاحیه‌تی هه‌یه به‌پێی بارودۆخ بودجه بگونجێنێ له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی ئیداره‌دانی دارایی و ئابووری له عێراق.''
دکتۆرە ئه‌شواق جاف باسی ئه‌وه‌شی كرد كه له عێراق زه‌مینه‌سازییەکی باش کراوە بۆ ڕێگەنەدان بەوانه‌ی كه بە دژایه‌تیکردنی هه‌رێمی كوردستان ده‌یانویست لە هه‌ڵبژاردنه‌كانی دوای پەرلەمانی عێراق دەنگ بۆ خۆیان کۆ بکەنەوە و ڕێگەیان لێ بگیرێت گۆڕەپانی سیاسی بۆ دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان بەکار بهێنن. چونکە لەو دۆخەدا دەبێت ئارامییەکی باش لەئارادا بێت بۆ ئەوەی دەقی ڕێککەوتنە سیاسییەکە جێبەجێ بکرێت و کێشەکان یەك لە دوای یەك چارەسەر بکرێن.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی گوتیشی: "هه‌نگاوه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زۆر به‌رنامه بۆدارێژراون. پێش ڕێكکه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هەنگاوی باشی نا لە ناوخۆ و لە دەرەوەشدا بۆ ئەوەی زه‌مینه‌سازی بۆ ئه‌م ڕێککەوتنه گرینگە بکات و له ناوخۆشدا بنه‌ماكانی ئابووریی كوردستان له سێکتەرە جیاوازەکان و ژێرخانی ئابوورییان هەنگاوی باش براونەتە پێش بە مەبەستی هەمەچەشنکردنی ئابووریی هەرێم کە هەموویان کۆکن لەگەڵ بنەماکانی دەستووری هەمیشەییی عێراق."
دکتۆرە ئه‌شواق جاف تیشکی خستە سەر چاكسازییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و گوتی: ئەو چاکسازییانە بوونه‌ته مایەی دەستخۆشی و پاڵپشتیی ده‌ره‌كی بۆ حكوومه‌تی هه‌رێم و ڕه‌نگدانه‌وه‌شی له په‌یوه‌ندییه سیاسییه ناوخۆییه‌كانی عێراق و ده‌ره‌وه‌دا ده‌بینرێت.''
گوتیشی: "مەسرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، به‌رده‌وام خاوه‌نی ده‌سپێشخه‌ریی زۆر گرنگ بووه بۆ چاره‌سه‌ری گرفته‌كان."
سه‌لاح جه‌لال




