٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسی لقی پارتی لە ئەورووپا: ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی و حکوومەتی عێراق مایەی خۆشحاڵیی هەموو وڵاتانی ئەورووپایە

سەرچاوە: KDP.info

ئەورووپا -KDP.info- بەرپرسی لقی شەشی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەورووپا گوتی، ڕێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی مایەی خۆشحاڵیی هەموو وڵاتانی ئەورووپایە، چونکە سەقامگیریی زیاتر بۆ ناوچەکە دێنێت و ڕێگە خۆش دەکات بۆ نزیکبوونەوە و هاریکاریکردنی زیاتری ئەورووپییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق، چونکە بوونی پەیوەندییەکی باش لە نێوان هەولێر و بەغدا سەقامگیری بۆ تەواوی ناوچەکە دێنێت.

ئەنوەر مەسیفی، بەرپرسی لقی شەشی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەورووپا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئێمە لە لقی ٦ی ئەورووپا هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونمانەوە لە مانگی ئاداری ساڵی ڕابردوو، ڕاستەوخۆ دەستمان کرد بە تاوتوێیی دۆخی ڕێکخستنەکان بۆ ئەوەی بە بەرنامەیەکی تۆکمەوە گۆڕانکاری لە ڕێکخستنەکاندا بکەین، ئەوە بوو لە ژمارەیەکی هەرە زۆری لیژنەی ناوچەکان و لیژنەی ڕێکخراوەکان گۆڕانکاریمان کرد، هاوکات لە هەندێک وڵات ڕێکخستنەکانمان پێویستیان بە کردنەوەی ئۆرگانی پارتیمان هەبوو، بۆیە ژمارەیەک ڕێکخراوی نوێ لەو وڵاتانە کرانەوە.

ئەنوەر مەسیفی گوتیشی: کۆنگرەی ١٤ی پارتیمان هەلێکی گرینگ بوو بۆ پێداچوونەوە بە هەموو بەرنامەکانی کارمان، بێ گومان لەسەر هەمان ڕێچکە و بە گوڕوتینێکی زیاترەوە لە کارەکانمان بەردەوام دەبین و گۆڕانکاریی پێویست لە ڕێکخستنەکان دەکەین، ئەوەش بەشێکی گرنگی نوێبوونەوەیە، بۆ ئەوەی ڕێکخستنەکانی ئێمەش بتوانن ڕۆڵی کاریگەر و چاوەڕوانکراوی خۆیان لە ئەورووپا ببینن، ئەوا پێویستی بە بەسەرکردنەوە و گۆڕانکاری و هێنانی بیرۆکەی نوێی کارکردن هەیە.

مەسیفی باسی لەوەش کرد: ئێمە جگە لە کاروباری پارتایەتی و ڕێکخستنەوە، هاوکات ئەرکێکی تری گەورە لەسەر شانمانە کە تایبەتە بە لۆبیکردن و کۆکردنەوەی پاڵپشتیی زیاتر بۆ پرسە ڕەواکانی گەلەکەمان، هەموومان دەزانین کەوا ئەورووپا کێشوەرێکی گرینگە و لە دەستنیشانکردنی سیاسەتە جیهانییەکان و پرسە نێودەوڵەتییەکاندا ڕۆڵ دەبینن و هاریکاری و پشتگیریی وڵاتانی ئەورووپا بۆ هەرێمی کوردستان گرینگە.

بەرپرسی لقی شەشی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەورووپا ڕوونیشی کردەوە: ژمارەیەکی زۆری ڕەوەندی کوردستانی لە ئەورووپان، کە ئەگەر هات و توانرا بە شێوازێکی باش توانا و ئیمکانیاتەکانیان بەکار بهێندرێت، ئەوا دەتوانن کاریگەریی باش دروست بکەن، بۆیە ئێمە پێمان وایە کە ئەو بابەتەش لایەنێکی گرنگی خزمەتکردن و کار و چالاکییەکانمانە لە ئەورووپا و لەو سۆنگەیەشەوە ئێمە ژمارەیەک کۆ بوونەوە و دانیشتنمان لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای کوردەواری و کەسایەتی و فیدراسیۆنەکان کردووە بۆ ئەوەی هەموومان بە یەکەوە هەوڵ و تەقەللاکانمان یەک بخەین بۆ ئەوەی کاری لۆبیکردنمان بەهێزتر بکەین و بتوانین پاڵپشتیی زیاتر بۆ کوردستان کۆ بکەینەوە.

گوتیشی: جگە لەوە، لە میانەی هەر سەردانێکماندا بۆ وڵاتانی ئەورووپا،  بەدوای خەڵکە تواناکانیاندا گەڕاوین بۆ ئەوەی هانیان بدەین خزمەتی زیاتر بە کوردستان بگەیەنن و گومانتان لەوە نەبێت کەوا کوردستانیانی ئەورووپا خاوەن داهات و پێگە و کاریگەرین، بەڵام پێویستیان بەوەیە کە لەژێر چەتر و ئامانجی خزمەتکردنی کورد و کوردستان کۆ بکرێنەوە، ئەوەش ئەوەیە کە ئێمە ئێستا بە جددی کاری لەسەر دەکەین.

ئەنوەر مەسیفی لە کۆتاییدا گوتی: لەو ماوەیەی کە لە لقی ٦ی ئەورووپا دەستبەکار بووین، سەردانی ژمارەیەک لە پەرلەمانەکانی  وڵاتانی ئەورووپامان کردووە و چاوپێکەوتنمان لەگەڵ پەرلەمانتار و سیاسەتوان و ڕۆژنامەنووسانی ئەو وڵاتانە ئەنجام داوە، هاوکات لەگەڵ کاربەدەستانی حکوومەتی وڵاتەکان و حکوومەتە خۆجێیەکان کۆ بووینەتەوە، ئەورووپییەکان نزیکن لە کورد و حەز دەکەن هاریکاریی کوردستان بکەن و پاڵپشتیی لێ بکەن، هاوکات حەز دەکەن ڕۆڵ لە پاراستن و بەرەوپێشبردنی هەرێمی کوردستانیشدا ببینن و لەو ڕووەوە بە بەردەوامی ئامۆژگاری پێشکەش دەکەن، بە ڕای ئەوان کوردستان دەبێت پێگە دەستوورییەکەی خۆی بە هێزەوە لەناو عێراقێکی فیدراڵیدا بپارێزرێت، هاوکات هانی هەولێر و بەغدا دەدەن بۆ ئەوەی هەموو پرس و کێشەکان بە گفتوگۆ یەکلایی بکەنەوە، بۆیەش ئەو ڕێککەوتنەی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی مایەی خۆشحاڵیی هەموو وڵاتانی ئەورووپایە، چونکە سەقامگیریی زیاتر بۆ ناوچەکە دێنێت و ڕێگە خۆش دەکات بۆ نزیکبوونەوە و هاریکاریکردنی زیاتری ئەورووپییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق، چونکە ئەوان پێیان وایە بوونی پەیوەندییەکی باش و جێگیر لە نێوان هەولێر و بەغدا، سەقامگیری بۆ تەواوی ناوچەکە دێنێت و وەبەرهێنان و گەشەدان بە وڵات بە دوای خۆیدا دێنێت، کە ئەوەش خواستی هەمووانە.''

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار