لە ئایندەیەکی نزیک کارگەی ڕیسایکلینی سۆران دادەمەزرێت
__2023_04_05_h17m40s55__HK.jpg)
سۆران -KDP.info- سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بڕیاری چارەسەرکردنی کێشەی زبڵ و خاشاکی دا. بەرپرسی ڕاگەیاندنی ئیدارەکەش دەڵێ، لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە دامەزراندنی کارگەی ڕیسایکلینی سۆران دەکرێت.
ھەژار حەکیم، بەرپرسی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەرپەرشتیاری ئیدارە کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی یەکەی کارگێڕی و سەرۆکی شارەوانیی سنوورەکە کردووە دەربارەی چارەسەرکردنی کێشەی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەتایبەتی لە سنووری ناحیەی وەرتێ، سەر بە قەزای ڕواندز، کێشەی زبڵ و خاشاک چارەسەر بکرێت.''
بەرپرسی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سۆران دەشڵێت: "سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران بڕیاری دا پەلە بکرێت لە چارەسەرکردنی کێشەی ھەبوونی زبڵ و خاشاک لەلایەن تیمەکانەوە.''
ھەژار حەکیم ڕوونی کردەوە: "بە مەبەستی چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەی زبڵ و خاشاک لە سنوورەکە بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا کارگەی ڕیسایکلینی سۆران بکەوێتە باری جێبەجێکردن و، بە دامەزراندنی کارگەکە کێشەی زبڵ و خاشاک بە شێوەیەکی سەردەمیانە چارەسەر دەکرێت و کاریگەرییشی زۆر دەبێت لەسەر ژینگەی ناوچەکە.''
قائید میرۆ




