٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان

نوخشە ناسیح لە ڕێگەی KDP.infoوە ئامادەکارییەکان بۆ فیستیڤاڵی هەنار دەخاتە ڕوو

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە-KDP.info- بە ئامانجی بوژاندنەوەی کەرتی گەشتوگوزار و ناساندنی بەرهەمی ناوخۆیی، پارێزگاری هەڵەبجە لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە چەند بڕیار و ئاسانکارییەکی نوێ بۆ فیستیڤاڵی ئەمساڵی هەنار ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، بودجەی پێویست بۆ بەڕێوەچوونی فیستیڤاڵەکە تەرخانکراوە و سەرجەم داهاتەکانیشی بە ڕوونی بڵاودەکرێنەوە.

نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "پاش سێ مانگ لە ئامادەکاریی بەردەوام، تەواوی ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی فیستیڤاڵی ساڵانەی هەنار تەواو بوون و لە ڕۆژی ٢٨ی ئەم مانگە تاوەکو ٣١ی مانگ بەردەوام دەبێت، کە بە گەورەترین فیستیڤاڵ لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق ئەژمار دەکرێت.

پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژەی بەوە کرد، دیاریکردنی ئەم بەروارە بەهۆی ئەوەوەیە کە لەم وەرزەدا هەناری باخەکانی هەڵەبجە بە تەواوەتی پێدەگات و لێدەکرێتەوە، بەوەش بەرهەمی فرێش و شیاو دەگاتە دەستی میوانانی فیستیڤاڵ. سەبارەت بە کەشوهەواش ڕوونی کردەوە، "ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە باران نابێت، ڕۆژی هەینی باراناوی دەبێت و ڕۆژی شەممەش کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە، بۆیە میوانان و گەشتیاران دەتوانن بە ئارامی سەردانی فیستیڤاڵ بکەن."

لەبارەی ئاسانکارییەکانی هاتووچۆ و ڕێگریکردن لە دروستبوونی لۆد لەسەر شەقامەکان، نوخشە ناسیح گوتی، "بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ و کشتوکاڵ لە دەروازەی شارەوە پاسی پێویستیان دابین کردووە بۆ ئەو هاووڵاتییانەی حەز ناکەن ئۆتۆمبێلەکانیان بێننە ناو شار، تاوەکو بە ئاسانی بەرەو شوێنی فیستیڤاڵەکە بگوازرێنەوە."

ناوبراو دەستخۆشی لە ئامادەکارییەکان کرد و داوای لە گەشتیاران کرد سەردانی شاری هەڵەبجە بکەن بۆ بەهرەمەندبوون لە هەناری تایبەت، کارە دەستییەکانی خانمان و ئامادەبوون لەو چالاکییە هونەرییە تایبەتانەی لەم چوار ڕۆژەدا بەڕێوە دەچن.

پەیوەست بە بودجە و ڕوونیی دارایی فیستیڤاڵەکە، پارێزگاری هەڵەبجە گوتی، "وەزارەتی دارایی بودجەی تایبەتی بۆ فیستیڤاڵەکە تەرخان کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمساڵ چەند پلانێکمان هەیە و پاش کۆتاییهاتنی فیستیڤاڵەکە، بە داتا و بەشێوازێکی شەفاف تەواوی داهاتی بەدەستهاتوو لە کەپرەکان و بودجەی حکوومەت بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکەینەوە."

لەبارەی کێشەی هێڵەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت، نوخشە ناسیح دڵنیایی دا کە لەگەڵ کۆمپانیاکانی کۆڕەک تێلیکۆم و ئاسیاسێڵ قسەیان کردووە و ڕێکاری پێویست گیراوەتە بەر تاوەکو ئەو کێشەیە چارەسەر بێت و دووبارە نەبێتەوە.

لە کۆتاییدا، پارێزگاری هەڵەبجە ئاشکرای کرد کە چەندین باڵیۆز و کۆنسوڵی وڵاتان لە عێراق و کوردستان سەردانی فیستیڤاڵەکە دەکەن. گوتیشی، "هەوڵمان دا ئەمساڵ کۆشکی تایبەت بۆ وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکی بکەینەوە تاوەکو بازرگان و دیپلۆماتکارانیان ئامادەییان هەبێت، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئێستاوە نەکرا، لەگەڵ ئەوەشدا بەڵێنیان داوە لە ساڵی داهاتوودا بەشداربن، کە ئەمەش دەبێتە هەنگاوێکی گەورە و گرنگ بۆ ناساندنی زیاتری بەرهەمی ناوخۆیی."

عەزیز ڕەسووڵ