پسپۆڕێکی ڕاگەیاندن: منیش بۆ ھەواڵی ڕاست سەردانی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەکەم

هەولێر -KDP.info- ئەمڕۆ دوازدە ساڵ بەسەر دامەزراندنی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا تێپەڕ دەبێت و سەرۆکی بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی سەلاحەددین پێی وایە، ماڵپەڕی فەرمیی پارتی خۆی لە ناوزڕاندن پاراستووە و دەڵێت، منیش بۆ گەڕان بەدوای ھەواڵی ڕاستدا دەگەڕێمەوە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی.
د. ئازاد عەبدولعەزیز، سەرۆکی بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی سەلاحەددین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕاگەیاندنی ئەلیکترۆنی لە سەردەمی ئەمڕۆدا شوێنی میدیای کاغەزیی گرتووەتەوە و ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییەکان و سۆشیالمیدیا بەگشتی ڕۆڵێکی زۆریان ھەیە بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری و ھەواڵ، ماڵپەڕی فەرمیی پارتی یەکێکە لەو ماڵپەڕانەی ماوەی دوازدە ساڵی ڕابردوو پابەند بووە بەو بەرپرسیارییەی پێویستە ھەموو ڕاگەیاندنەکان ھەیانبێت، چونکە یەکێک لە بنەماکانی بڵاوکردنەوەی ھەواڵ و گەیاندنی زانیارییەکانە وەک خۆی.''
ئەو پسپۆڕەی ڕاگەیاندن دەشڵێت: "ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، زمانحاڵی پارتی دیموکراتی کوردستان، گەورەترین ھێزی ھەرێمی کوردستانە کە بەشێ زۆری جومگە گرینگەکانی ھەرێمی کوردستانی بەدەستەوەیە، لەبەر ئەوەیش ئەو ماڵپەڕانەی سەر بە ھێزێکی دیاریکراون زیاتر پابەندی یاسا و ئیتیکی ڕۆژنامەوانین و خۆیان لە ناوزڕاندن دەپارێزن، ماڵپەڕی KDP.ino یەکێک لەو پێگە ئەلیکترۆنییانەیە کە خۆی لە ناوزڕاندن پاراستووە.''
د. ئازاد عەبدولعەزیز ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ڕاستی و دروستیی بڵاوکردنەوەی ھەواڵ لە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی کاریگەریی لەسەر میدیای ئەلیکترۆنی ھەبووە لە ھەرێمی کوردستان و منیش بۆ گەڕان بەدوای ھەواڵی ڕاستدا دەگەڕێمەوە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، پێویستە ڕاگەیاندنەکانی دیکەش بۆ بڵاوکردنەوەی ھەواڵ و زانیاری چاو لە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی بکەن و نەبنە سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی ھەواڵی نادروست و زانیاریی ھەڵە و ناوزڕاندن.''
قائید میرۆ




