کۆنفڕانسێکی گەورەی بازرگانی لە هەولێر ساز دەکرێت

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران رایگەیاند، کۆنفڕانسێکی گەورەی بازرگانی لە نێوان هەرێم و ئێران لە شاری هەولێر ساز دەکرێت، کە مەبەست لێی، زیادکردنی جوڵەی بازرگانی و ئاسانکاریی زیاترە بۆ بازرگانان لە خاڵە سنوورییەکان و هەروەها هاتنی کۆمپانیای زیاتری ئێرانییە بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی کاری بازرگانی بکەن.
عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئامانجی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئێران ئەوەیە، کە قەبارەی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران زیاد بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام هەنگاو دەنرێت و ئاسانکاری لە خاڵە سنوورییەکان دەکرێت، بۆ ئەوەی ئاسانکاری زیاتر هەم بۆ بازرگانی و هەمیش بۆ هاتوچۆی گەشتیاری بکرێت".
ئاکرەیی گوتیشی: "پلان هەیە کە جوڵەی بازرگانی زیاتر پەرەی پێبدرێت و هەرچی کێشە و گرفت لە خاڵە سنوورییەکان هەیە، چارەسەر بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لەم مانگەدا کۆنفڕانسێکی بازرگانیی گەورە لە شاری هەولێر ساز دەکرێت، کە ئەو کۆنفڕانسە زۆرینەی ژوورە بازرگانیەکانی ئێران و بەرپرسانی وەزارتی بازرگانی و وەزارەتی پیشەسازی و وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران تێیدا بەشدار دەبن، لە هەرێمی کودستانیش ژوورە بازرگانییەکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی و بەرپرسانی هەرێم بەشدار دەبن، بۆیە کۆنفڕانسێکی گەورە دەبێت".
ناوبراو باسی لەوەش کرد، مەبەست لە ئەنجامدانی ئەو کۆنفڕانسە، بۆ ئەوەیە هاوکاری و هەماهەنگی زیاتر بێت لە بواری بازرگانی و ئاسانکاریی زیاتر بۆ کاری بازرگانی بکرێت، هەروەها هەرچی کێشە و گرفت لە خاڵە سنوورییەکان هەیە چارەسەر بکرێت و کۆمپانیای زیاتری ئێرانی بێن لە هەرێمی کوردستان کار بکەن، بۆیە پێویستە هەردوولا هەموو رێکارێک بگرنە بەر بۆ ئەوەی جوڵەی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران زیاتر بێت.
بڵند ئیبراهیم




