٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ئەمساڵ کوالێتیی بەشەخۆراکی مانگانە باشتر دەکرێت"

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک -KDP.info- بڕیارە کوالێتیی بەشەخۆراکی مانگانە باشتر بکرێت و بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی دھۆکیش دەڵێ، لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی بەشەخۆراکی ئەمساڵ ئەو ماددانەی زیاد کراون، دابەش دەکرێن بەسەر ھاووڵاتیان.

شەریف فەتاح، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پرۆسەی دابەشکردنی خۆراکی مانگانە خێرا دەکرێت و بڕیارە ئەو ماددانەی زیاد کراون، ئەمساڵ دابەش بکرێن، بەڵام ئەو ماددانەی زیاد کراون تەنیا کەمئەندامان و چەند چینێکی دیکە دەگرێتەوە نەک ھەموو ھاووڵاتیان، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی ئەوەیشی داوە ئەمساڵ کوالێتیی خۆراکی مانگانە باشتر بکرێت، بەتایبەتی ئەو ماددانەی کوالێتییان وەک پێویست نییە.''

ئەو بەرپرسەی بازرگانی گوتی: "ساڵی ڕابردوو بە باشترین شێوە خۆراکی مانگانە دابەش کراوە، چونکە ساڵانی پێشوو ھەموو مانگەکان دابەش نەدەکرا، بەڵام ساڵی ٢٠٢٢ بەشەخۆراکی ھەموو مانگەکان دابەش کراوە و ئەمساڵیش پرۆسەکە بەردەوام دەبێت و ھەموو مانگەکان خۆراک دابەش دەکرێت.''

لەبارەی کێشەی دابەشکردنی خۆراک لە دھۆک، شەریف فەتاخ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لیژنەیەک پێک ھاتووە و ھێشتا ھاووڵاتیانی دھۆک بەشەخۆراکی سێ مانگی ساڵی ڕابردوویان وەرنەگرتووە، کێشەکە بۆ بەڵێندەر دەگەڕێتەوە و خۆراک ھەبووە لە کۆگاکان پرۆسەی دابەشکردن بە سستی بەڕێوە چووە، ئێستا ئێمە چاودێریی پرۆسەکە دەکەین و بەشەخۆراکی سێ مانگی ڕابردوو ھەیە و دابەش دەکرێت.''

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار