سەیوان بارزانی ناوەرۆکی سەردانی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بۆ هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات
__2022_12_24_h15m30s25__HK.jpg)
هەولێر -KDP.info- باڵیۆزی عێراق لە ئیتاڵیا گوتی، گەلی ئیتاڵیا یەکێکە لەو گەلانەی لەگەڵ گەلی فەرەنسا دۆستایەتیی زۆریان لەگەڵ کورد هەیە، هەر کاتێک پرسیار لە خەڵکەکەی بکەی، ئەوان زۆر کەیفیان بە گەلی کورد دێ و ڕێزێکی تایبەت لە گەلی کورد دەگرن، حکوومەتی ئیتاڵیا لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ـوە تا ئیستا نزیکەی ٢٠ ساڵە پشتیوانییەکی گەورە لە گەلی کورد و کوردستان دەکەن و لەگەڵ سەرۆک مەسعوود بارزانی و سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دۆستایەتییەکی نزیکیان هەیە.
جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، بە سەردانێک گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی کۆ بووەوە و باسی چەندین پرسی گرنگی کرد.
لەم بارەیەوە، سەیوان بارزانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند: ''سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا ویستی یەکەم سەردانی دەرەوەی وڵاتی بۆ هەرێمی کوردستان بێت و لەسەر داخوازیی خۆی سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و کوردستان بکات و خۆی بە چاوی خۆی سەربازانی خۆی ببینێت لە عێراق لەدوای ٢٠٠٣ـوە و هەروەها سەربازانی ئیتاڵیا مەشق و ڕاهینان بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەن و پشتیوانی هێزی پێشمەرگە بوون لە شەڕی دژی داعش.''
گوتیشی: ''حکوومەتی ئیتاڵیا پشتیوانیی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەکەن و کار لەسەر شوێنەوارەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن و بەتایبەت شوێنەواری خنس لە شێخان سەر بە پاڕیزگایی دهۆک و چەندین زانکۆی ئیتاڵی لە هەرێمی کوردستان پشتیوانیی خوێندنی هەرێم دەکەن.''
ئاماژەیشی دا: ''هەمووان دەزانن کورد پشتگیریی دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەکەن و حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتگیریی کریستیان و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان دەکات و لە دوایی ساڵی ٢٠٠٣ بەرەنگاری تیرۆر بووەوە، بەڵام لە دوای ٢٠١٤ـوە لە ڕۆما بریاریان دا پشتیوانیی سەربازیی کوردستان بکەن لە شەڕی دژی داعش، لە کۆمبوونی ٢٨ وڵاتی ئەورووپیدا یەکەم جار بوو وڵاتانی ئەورووپی پشتیوانیی کورد بکەن و ئیتاڵیا ئەوکات سەرپەرشتیی دەکرد.''
لە کۆتاییشدا گوتی: ''سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا باسی ئەوەیشی کرد کە هەرێمی کوردستان تاکە شوێنە ڕێژەی کریستیان زیاد دەبێت بە پێچەوانەوە لە هەموو ناوچە کەم دەبێت و ئەو زۆر خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە هەرێمی کوردستان مەڵبەندی پێکەوەژیانە و پشتیوانیی کریستیان و پێکهاتەکانی دیکە دەکات، هاوکات سۆزیشی دا ئیتاڵیا پشتیوانیی هەرێمی کوردستان بکات، بەتایبەت لە بواری ئابووریدا.''
کــاروان بــــاعەدری




