هه‌رێمی كوردستان لە فێستیڤاڵێكی نێودەوڵەتیی هونەریدا

پۆڵەندا -KDP.info- له فێستیڤاڵێكدا له شاری بیگدۆشچی پۆڵه‌ندا، جیا له كاره هونه‌رییه‌كانی تری كه پەیوه‌ست به كورد و كوردستانن، هاوكات پێشانگه‌یه‌ك له‌ژێر دروشمی ”كوردستان-ڕوخساره‌كانی ڕزگاربوون” له مۆزه‌خانه‌ی شاری بیگدۆشچیی ئه‌و وڵاته كرایه‌وه. له‌و پێشانگه‌یەدا چه‌ندان هونه‌رمه‌ندی كورد له هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستانەوە به‌شدارییان كردووه.
پێشانگه‌كه پێك هاتووه له ده‌یان كاری هونه‌رمه‌ندانی كورد له هه‌موو پارچه‌كانی كوردستانه‌وه كه بریتین له تابلۆ، گرافیك، وێنه‌كێشان، ڤیدیۆئارت و ئینسته‌لێشن و وێنه. ئه‌م پێشانگه‌یه به گه‌وره‌ترین نمایشكردنی به‌رهه‌می ده‌سته‌یه‌ك له هونه‌رمه‌ندانی كوردستان ده‌ناسرێت كه تا ئێستا له ئه‌ورووپا ڕێك خرابێت .

ته‌واوكه‌ری پێشانگه‌كه به‌رنامه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌نده له بۆنه یاده‌وه‌رییه‌كان وه‌ك نمایشكردنی فیلم، كۆنسێرت و سیمینار له‌باره‌ی مێژوو و كولتووری كوردستانەوە.

نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له پۆڵۆنیا، هاوكار و یاریده‌ده‌ری ئاماده‌كردن و كردنه‌وه‌ی پێشانگه‌كه و كۆی به‌رنامه‌ی فێستیڤاڵه‌كه‌یه. له كوردستانه‌وه حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان به‌شداریی كردووه.
پێشانگه‌كه به ئاماده‌بوونی جێگری سه‌رۆكی ھه‌رێمه‌كه‌ی پۆڵه‌ندا و سه‌رۆكی شار، به‌ڕێوه‌به‌ری مۆزه‌خانه‌ی نیشتمانی و به‌ڕێوه‌به‌ری ڕۆشنبیریی ھه‌رێمه‌كه و به ئاماده‌بوونی زیاد ڕه‌ئووف، نوێنه‌ری حكوومه‌تی ھه‌رێم له پۆڵۆنیا كرایه‌وه.
پرسی سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمی كوردستان، یه‌كێك بوو له‌و مژارانه‌ی له وتاره‌كانی به‌رپرسانی شاری بیگدۆشچ له ڕێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی پێشانگه‌كه باسی لێوه كراوه، به‌رپرسانی بیدگۆشچ له وتاره‌كان ئاماژه‌یان به‌وه داوه، پۆڵه‌ندا هاوشێوه‌ی هه‌رێمی كوردستان، پێشتر به دۆخێكی سه‌ختدا تێ په‌ڕیوه، به‌ڵام كۆڵی نه‌دا و به‌رهه‌مه‌كه‌ی سه‌ربه‌خۆیی بوو، بۆیه پێویسته هه‌رێمی كوردستانیش هه‌وڵی زیاتر بۆ پرسی سه‌ربه‌خۆیی بدات، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته هونه‌ر و كولتووریش یه‌كێك له‌و ڕێیانه‌یه كه كورد ده‌توانێ سوودی لێ وه‌ربگرێت تا ئازاره‌كانی گه‌له‌كه‌ی به دنیا پێشان بدات.

ڕافال بروسكی، سەرۆكی شارەوانیی بیگدۆشچی پۆڵەندا ئامادەی پیشانگاكە بوو و وتارێكی پێشكەش كرد و گوتی: پێشانگاكە گرنگە، بەرهەمی هونەرمەندانی كورد بە هێزی حەقیقەتیان ترسناكن، بەڵام هیوابەخشن. پێشانگاكە ڕاستیی بوونی یەكێك لە گەورەترین گەلانی جیهان پێشان دەدات كە لە خاكەكەی بێبەش كراوە.
ئاریان ته‌حسین ده‌رگه‌ڵه‌یی
Photo By : Wojciech wozniak




