٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھیوا گەیلانی بۆ KDP: ئێستا کادیرانی پارتی گەورەترین پاڵپشتیان ھەیە

سەرچاوە: KDP.info

ڕانیە-KDP.info- لەکۆنگرەی ١٤ی پارتی دا سەرۆک بارزانی رایگەیاند، کەناڵێک دەدۆزنەوە بۆ گەیاندنی سکاڵای کادیرانی پارتی و ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتیش دەڵێ، ئێستا کادیرانی پارتی گەورەترین پاڵپشتیان ھەیە و کەس ناتوانێت غەدر لە کادیری پارتی بکات.

ھیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی، بە ماڵپەڕی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "سەرۆک بارزانی وەک باوکێکە بۆ ھەموومان و ھەموو کاتێک ئێمە دەڵێین ھەموومان ھی سەرۆک بارزانین، و سەرۆکیش ھی ھەموومانە، ئاگادارم ئێستاش سەرۆک بارزانی بەردەوام لەگەڵ مەکتەبی سیاسی و لقەکان لەسەر خەتە بۆ ئەوەی باشترین کار بۆ کادیری پارتی بکرێت و سکاڵایان بگاتە دەست سەرۆک بارزانی، ئەو پەیامەی سەرۆک بارزانیش لە کۆنگرە ئاماژەی پێکرد بۆ دامەزراندنی کەناڵێک بۆ گەیاندنی سکاڵای کادیرانی پارتی، ئەمەش ھەنگاوێکی پیرۆزە و ئەگەر سەرۆک بەڵێنێکی دابێت حەتمەن دەیباتە سەر، ئەوە ھەم گەورەیی سەرۆک بارزانیە ھەمیش پاڵپشتیەکی گەورەیە بۆ کادیرانی پارتی، چونکە کادیرانی پارتی لەمەودوا ئەگەر لە شوێنێک غەدرێکیان لێبکرێت ئەوە لەگەورەترین دەستەڵاتی حزب پشتیوانیان دەبێت".

ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دەڵێت: "بەدواداچوون بۆ ھەموو سکاڵایەک دەکرێت لەنێو پارتی، نەک لەنێو پارتی لەھەر پارچەیەکی کوردستان کەسێک غەدری لێکرابێت سەرۆک بارزانی ھاتووتە دەنگ و ھەڵوێستی ھەبووە بەڵگەی زیندووش لەبەردەستن، ئینجا بگاتە ئەوەی غەدر لە کادیرێکی پارتی بکرێت".

ھیوا گەیلانی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "دامەزراندنی دەزگایەک بۆ گەیاندنی سکاڵا لەنێو پارتی پاڵپشتیەکی مەعنەوی گەورەیە بۆ کادیرانی پارتی، پارتی حزبێکی گەورەیە ئەگەر کادیرێک لە شوێنێک ھەست بەوە بکات پشتی نیە ئەوە گەورەترین پاڵپشتی ھەیە ئەویش سەرۆک بارزانیە، ئێستا کادیرانی پارتی گەورەترین پشتیوانیان ھەیە و ئەگەر کەسێک بیەوێ غەدر لە کەسێکی دیکە بکات ھەست بەوە دەکات دەزگایەک چاودێری دەکات".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار