سەید سدیق کەپرانی: ڕۆژی شەممە یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر بەرز ڕادەگیرێت

هەولێر -KDP.info- لە شاری ھەولێر ئامادەکاری بۆ یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) دەکرێت و بەڕێوەبەری ئەوقافی ھەولێریش دەڵێ، ڕۆژی شەممە کەرنەڤاڵێکی جەماوەری لەناو سەنتەری شاری ھەولێر بەڕێوە دەچێت و یادەکە بەرز ڕادەگیرێت.
سەید سدیق کەپرانی، بەڕێوەبەری ئەوقافی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕۆژی شەممەی داھاتوو بە بۆنەی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) لە شاری ھەولێر و لەناو سەنتەری شار کەرنەڤاڵێکی جەماوەریی بەرفراوان بەڕێوە دەچێت و بەرپرسان و ھاووڵاتییانی شاری ھەولێر بەشداریی تێدا دەکەن، ھەر بەو بۆنەیەوە ئامادەکاری بۆ چەندین چالاکی کراوە و یەکەم چالاکیی مەولوودی پێغەمبەر بەیانیی ڕۆژی شەممە لەنێو سەنتەری شار دەبێت.''
بەڕێوەبەری ئەوقافی ھەولێر دەشڵێت: "لە ڕۆژانی دواتریش چەندین چالاکی و کەرنەڤالی جەماوەری بە بۆنەی مەولوودی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) لە ھەولێر بەڕێوە دەچن و دەرگای ھەموو مزگەوت و شوێنە ئایینییەکانیش بە ڕووی ھاووڵاتییاندا کراوە دەبن بۆ یادکردنەوەی پێشەوای مرۆڤایەتی.''
سەید سدیق کەپرانی ڕوونی کردەوە: "شاری ھەولێر مێژوویەکی کۆنی ھەیە لە یادکردنەوەی مەولوودی پێغەمبەر و ھەر لە سەردەمی سوڵتان موزەفەری کۆکبەڕییەوە تا ئێستا ھەولێر بە شێوازێکی تایبەتی خۆی ئەو یادە بەرز ڕادەگرێت.''
قائید میرۆ




