٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەشێکی بوودجەی وەزارەتی پەروەردە بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانە و دەزگای خێرخوازی بارزانیش لە سلێمانی ٥٠ قوتابخانەی نۆژەنکردۆتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ٢٠ ملیار دیناری بۆ وەزارەتی پەروەردە تەرخانکردووە و ئێمەش بە سەر بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەکانی پەروەردەمان دابەشکردووە و ئەوانیش بە پێی پێداویستی خۆیان پارەکە خەرج دەکەن و بەشێکی بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانە و خێرخوازانیش قوتابخانە نۆژەندەکەنەوە و تەنھا لە سلێمانی دەزگای خێرخوازی بارزانی ٥٠ قوتابخانەی نۆژەنکردۆتەوە.

بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دکتۆر سەیوان فەرەج، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ٢٠ ملیار دیناری بۆ پەروەردە تەرخانکردووە و ئێمەش بە سەر بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەکانی پەروەردەمان دابەشکردووە، ھاوکات سوپاسی حکوومەت دەکەین بۆ تەرخانکردنی ئەو پارەیە، بۆیە بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەکانی پەروەردە لە کوێ پێویستیان بە پێداویستی ھەبێت بۆیان دابین دەکرێت، بۆیە ئەو قوتابخانانەی پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە ھەیە ئەوە لە پێشینەی کارەکان دەبێت، چونکە جگە لەوەش پێویستمان بە ژمارەیەکی زۆری قوتابخانە ھەیە و بەشێکی قوتابخانەکان دوو دەوامی و سێ دەوامی تێدایە، بۆیە گەر بمانەوێت قوتابخانەکان بێ کێشە و کەموکوڕی کارەکانیان بڕوات پێویستیمان بە ژمارەیەکی زۆری قوتابخانە ھەیە".

دکتۆر سەیوان فەرەج گوتیشی: "جگە لەوەی لە سەر ئەو بوودجەی تەرخانکراوە بەشێکی بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانە خەڵکێکی خێرخوازیش ھەیە قوتابخانەکان نۆژەن دەکاتەوە تەنھا لە سلێمانی دەزگای خێرخوازی بارزانی ٥٠ قوتابخانەی نۆژەنکردۆتەوە و لە پارێزگاکانی دیکەش قوتابخانەی نۆژەنکردۆتەوە".

ناوبراو وتیشی: "ئەو پارەی بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکان تەرخانکراوە ئەوان پێویستیان بە چی ھەبێت دابینی دەکەن، چونکە بۆ ھەر بەڕێوەبەرایەتییەک بەشێک لە بوودجەیان بۆ تەرخانکراوە".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار