٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمڕۆ دوایین رۆژی ھاتنی زیارەتکارانی ئێرانە بۆ ھەرێمی کوردستان

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران گوتی، تا ئێستا ٢٠ ھەزار زیارەتکاری ئێرانی ھاتوون بۆ ھەرێمی کوردستان و ئەمڕۆ دوایین رۆژی ھاتنیانە و ئێستا ئەوانەی زیارەتی خۆیان ئەنجامداوە دەگەڕێنەوە، کە رۆژانه‌ ژمارەیان دەگاتە ٧٠٠ کەس.

عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ھاتنی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ ھەرێمی کوردستان بەردەوامە و ئەمڕۆ دوایین رۆژی ھاتنیانە و تا ئێستاش ٢٠ ھەزار کەس ھاتوون و دەچنە نەجەف و کەربەلا بۆ چلەی ئیمام حوسێن، ئەوەشی زیارەتی خۆی کردبێت دەگەڕێتەوە و ئێستا رۆژانە ٧٠٠ کەس دەگەڕێنەوە و رۆژی شەممەش چلەی ئیمام حوسێنە".

بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران گوتیشی: "پێویستە ھەفتەی داھاتوو ھەموو ئەو زیارەتکارانەی ھاتوون بۆ ھەرێمی کوردستان بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان و کۆتایی بەسەردانیان دێت بۆ ھەرێمی کوردستان، خۆشبەختانە پرۆسەکە بێ گرفت بەرێوەچوو، ھاوکات ئەزموونێکی باش بوو بۆ ئەوەی ساڵانی داھاتوو پلانێکی باشتر دابنرێت بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زۆری زیارەتکاران بێنە ھەرێمی کوردستان".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار