وەزارەتی کشتوکاڵ: ئەمساڵ بەرهەمی ناوخۆ زۆر باشە و لە بازاڕیش ساخ دەبێتەوە

هەولێر -KDP.info- بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، بۆ ئەمساڵ بەرهەمی ناوخۆ زۆر باشە و ڕێککەوتنیشمان لەگەڵ بەغدا کردووە و بەرهەمەکە ساخ دەبێتەوە و بەرهەمی هاوردەش قەدەغە کراوە و هەرکاتێکیش بەرهەم لە ناوخۆ زیاد بێت هەناردەی دەرەوەی دەکەرێت.
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کەریم سلێمان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''پلان و بەرنامەی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵ بدرێت و بەردەوام پێش بخرێت و هەوڵیشمان داوە کە بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ساخ بکەینەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتینە ڕێککەوتنێک تا بەرهەمی ئێستای ناوخۆ ساخ بێتەوە، بۆیە هاوردەکردنی شەش ماددەمان قەدەغە کردووە، وەکوو تەماتە و خەیار و بیبار و پەتاتە و ماددەی دیکە، بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆمان ساخ بێتەوە و بفرۆشرێت بە نرخێکی باش، بۆیە ئێستا ئەو ڕێککەوتنە کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە.''
کەریم سلێمان گوتیشی: ''ئەو بەرهەمانە نابێت بە هیچ شێوەیەک هاوردەی هەرێمی کوردستان بکرێن و پێویستە بەرهەمی ناوخۆ ساخ بێتەوە و پڕۆژەکانیشمان لەگەڵ وڵاتی هۆڵەندا هەمان پڕۆژەکانی پێشوون کە جێبەجێ کراون.''
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ ڕوونیشی کردەوە: ''ئەو ڕێککەوتنە دەچێتە چوارچێوەی یەکخستنی ڕۆژنامەی کشتوکاڵی کە هەر بابەتێک وەکوو خۆی بێت و؛ بابەتی ئاژەڵ جیایە و ڕووەکیش جیایە.''
گوتیشی: ''ئەمساڵ بەرهەمی پەتاتە زۆر باشە و کۆگاکان هەڵیدەگرن و جارێ تەنها لە ناوخۆ ساخ دەکرێتەوە و هەرکاتێک زیاتر بوو لە پێداویستیی ناوخۆ، ڕەوانەی دەرەوە دەکرێت، بۆیە بە شێوەیەکی گشتی ئەمساڵ بەرهەم زۆر باشە و لە بازاڕیش ساخ دەبێتەوە.''
بڵند ئیبراهیم




