٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئایدن مەعرووف: ئەوه‌ سوکایەتی کردنە بەپێکھاتەکان و کاریگەری خراپیشی دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، دۆخی پێکھاتەکان لە ناوچە کوردستانیەکان خراپە و ئەو کارەی بەرامبەر بە پێکھاتەکان کراوە کارێکی مەترسیدارە و داوامان کردووە بەپەلە لێکۆڵینەوە بکرێت و بکەرەکان بەسزای خۆیان بگەینن، ئەوانەی سوکایەتیان بە پێشمەرگەیەکی کاکەیی کردووە.

ئایدن مەعرووف، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەو سوکایەتیەی بە پێشمەرگەیەکی کاکەیی کراوە لە سنووری کەرکووک ئێمە ناڕازین و ئەوە سوکایەتی کردنە بەپێکھاتەکان و کارێکی خراپە و کاریگەری خراپیشی دەبێت لەسەر پێکەوەژیان و نەتەوەکان، بۆیە پێویستە رێز لەیەکتر بگرین و ناکرێت سوکایەتی بە پێکھاتەکان بکەن".

وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشیکردەوە: "داوامان لە دەزگا ئەمنیەکانی حکوومەتی عێراق کردووە لێکۆڵینەوەی بەپەلە و ورد لەو بابەتە بکەن و لێپرسینەوە لەگەڵ بکەرەکان بکرێت، چونکە ئەوە مەترسیدارە و کارێکی زۆر خراپە بۆ سەر ئاشتی کۆمەڵایەتیش، بۆیە ئێستا دۆخی پێکھاتەکان لە ناوچە کوردستانیەکان خراپە".

مەعرووف دەشڵێت: "لە ناحیەی ئامرلی لە پارێزگای کەرکووک ھاووڵاتی پێشمەرگەی سەر بە پێکھاتەی کاکەیی دووچاری رووداوی بێڕێزیکردن بۆتەوە و ئێمە لەلای خۆمانەوە ئەو جۆرە دەستدرێژیە شەرمەزار و مەحکوم دەکەین و بە کردەوەیەکی ئاژاوەگێڕانەی دادەنێین، چونکە ئەم جۆرە کردەوانە ھەڕەشەیە بۆ سەر پێکەوەژیانی ئاشتیانە، لە باربردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و سیاسییە و لەگەڵ بنەماکانی دەستوور و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ ناکۆکە".

ناوبراو گوتیشی: "داواکارین دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی عێراق لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە یاسایییەکانیان بە شێوەیەکی جددی و خێرا دەستپێبکەن و بکەرانی رووداوەکە رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار