سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ته‌رمى شه‌هیدانى دوێنێى زاخۆ به‌ڕێده‌كات

هه‌ولێر-KDP.info- پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 2022/7/21 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌شدارى له ڕێوڕه‌سمى به‌ڕێخستنى ته‌رمى شه‌هیدانى بۆمببارانكردنى دوێنێى سنوورى زاخۆدا كرد كه له فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تیى هه‌ولێر ئه‌نجام درا و له‌وێوه به فڕۆكه‌یه‌كى سه‌ربازى بۆ به‌غدا به‌ڕێ خران.
له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا كه به‌ڕێزان وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق، نوێنه‌رى به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، سوپاسالاى پێشمه‌رگه، جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان، ژماره‌یه‌ك له وه‌زیران و پارێزگاى هه‌ولێر و به‌رپرسانى حكوومى و فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كان ئاماده‌ى بوون، تاجه‌گوڵینه له‌سه‌ر ته‌رمى شه‌هیدان دانرا.
هه‌ر له میانى ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى چاوى به كه‌سوكارى شه‌هیدان و برینداران كه‌وت و وێڕاى پێشكه‌شكردنى سه‌ره‌خۆشى و ده‌ربڕینى هاوخه‌مى، ئاماده‌یى نیشان دا بۆ هه‌ر هاوكارى و پێویستییه‌ك و چاره‌سه‌ركردنى برینداران و به‌ركه‌وتووان له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ى وڵات.
له بۆمببارانه‌كه‌دا كه پاشنیوه‌ڕۆى دوێنێ چوارشه‌ممه له ناوچه‌یه‌كى سنووریى زاخۆ ڕوویدا، هاوینه‌هه‌وارێكى گه‌شتیاریى تیایدا به ئامانج گیرا و له ئه‌نجامدا نۆ گه‌شتیارى عێراقى شه‌هید و ژماره‌یه‌كى دیكه‌شیان بریندار بوون كه له‌نێوانیاندا ژن و منداڵیش هه‌ن.




