٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فارس ناوڕۆڵی: لەپاڵ هەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانیی نێودەوڵەتی پێویسته ناوماڵی خۆمان کۆ بکەینەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە -KDP.info- شرۆڤەکارانی سیاسی هەنگاوەکانی ڕێکخستنەوەی ناوماڵی کوردی لەلایەن سەرۆک نێچیرڤان بارزانییەوە بە پەسەند دەزانن و داوا دەکەن حزبەکان لە دەرەوەی بەرژەوەندیی حزبی بیر بکەنەوە و بەو ئاڕاستەیە کار بکەن.

فارس نەوڕۆڵی، شرۆڤەکاری سیاسی، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "خاڵی لاوازی کورد ناتەباییی ناوماڵی خۆی بووە، کورد دەبێت پێش هەمووکەس بیر لە خۆی بکاتەوە، دۆخەکە لە کوێدایە و ئێمە بەرەوکوێ دەڕۆین، بیرکردنەوە ئەوەیە جیاوازی و ڕق وەلاوە بنێین تاکوو ئەم دۆخە تێ دەپەڕێت، جیهان و ناوچەکە وەک لەسەر ئاگر بێت دەکوڵێت، لەگەڵ شەڕی ئۆکراینا ئەزمەیەکی گەورەی سیاسی و ئابووری، جیهان و ناوچەکەی گرتووەتەوە، دوای شەڕی ئۆکراینا ناوچەکە گۆڕانی بەسەردا دێت، ئێمە وەک کورد خۆمان فریای خۆمان نەکەوین، ئەوە لاوازترین ئەڵقە دەبین کە بکرێین بە قوربانیی بەرژەوەندیی ئەملاوئەولا، بۆیە تەنها ڕێگە بۆ ئێمە پێداچوونەوەیە لەگەڵ خۆماندا و ئاشتکرنەوەی خەڵکە لەگەڵ حزب و حکوومەت و هەوڵ بدرێت خەڵک چی دەوێت بۆ ئەوەی ئینتیمای بۆ وڵات بگەڕێتەوە، کاتێک هاووڵاتی لەگەڵت نەبوو هیچ هێزێک ناتوانێت تۆ ڕابگرێت".

فارس نەوڕۆڵی دەڵێ: "ململانێ حزبییەکان بگۆڕین بۆ کێشەی نەتەوە، باوڕم وایە ڕوئیای سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ ئاشتی ناو هێزە سیاسییەکانی کوردستان و ئاشتبوونەوەی خەڵکی، ئایندەی عێراق و کۆی پێکهاتەکانی عێراق، تێڕوانینێکی زۆر ئیجابییە لە دەرەوەی ئایدۆلۆجیایە، هاووڵاتی سودمەند دەبێت لەو تێڕوانینەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، لەو سیاسەتەی هەیەتی بۆ عێراق و هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان".

نەوڕۆڵێ دەڵێ: "هێرش بۆ سەر هەر شار و ناوچەیەکی کوردستان، لە هێرشی ساروخ، یان میدیایی و گەمارۆی ئابووری، ئامانجگرتنی پرۆسەی سیاسیی کوردستانە، بۆ لاوازکردن و لەباربردنی پرۆسەی سیاسی و حکوومەتی کوردستانە، ئەوەی گرنگە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە جووڵەیەکی باشە بۆ ناوخۆی کوردستان و پێویسته لە دەرەوەی بیرکردنەوەی حزبی لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا بین ماڵی کورد یەک بخەینەوە".

''سەرۆکایەتیی هەرێم و حکوومەت و پەرلەمان، هەماهەنگییەک لەگەڵ دەوڵەتان بکەن تاکوو بتوانین لەم قۆناخە، ئەو مەترسییانەی لەسەر کورد هەیە، پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ خۆمان زیاتر بکەین.'' فارس نەوڕۆڵی وای گوت.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە پێ وایە: "بەیاننامەی دەوڵەتان، ئیدانەکردنی هێرشکردنە سەر کوردستان پشتیوانییە، بەڵام ئەگەر ناوخۆی خۆمان تۆکمە نەکەین کاریگەرییان نابێت، بۆیە هەوڵ بدەین ناوماڵی خۆمان کۆ بکەینەوە و پاشان هەوڵ بدەین بەرژەوەندییەکانی دەرەوە بێنینە ناو کوردستان".

عەزیز ڕەسووڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار