کەمال ئەحمەد: کۆمپانیاکانی ئیمارات و سعوودیا بۆ وەبەرهێنان ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن
__2022_06_14_h15m56s59__ER.jpg)
هەولێر -KDP.info- بەرپرسێکی یەکێتیی وەبەرھێنەرانی کوردستان دەڵێت، کۆمپانیای ھەردوو وڵاتی ئیمارات و سعوودیا بۆ ئەنجامدانی وەبەرھێنان ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن و بەشدار دەبن لە کەرتی وەبەرھێنان.
کەمال ئەحمەد، جێگرێ سەرۆکی یەکێتیی وەبەرھێنەرانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کۆمپانیاکانی ئیمارات و سعوودیا دەیانەوێت وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان بکەن و ئێستا خەریکی خۆئامادەکردنن بۆ ئەوەی بەشداری بکەن لە کەرتی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، ھەتا حکوومەتی ئیمارات پارەی تەرخان کردووە بۆ ئەو کۆمپانیایانەی وڵاتی خۆیان، ئەوانەی دەیانەوێت لە ھەرێمی کوردستان و مووسڵ وەبەرھێنان بکەن.''
بەرپرسەکەی یەکێتیی وەبەرھێنەران گوتی: "لەوێ حکوومەت ھاوکاریی ماددی پێشکەشی وەبەرھێنەران دەکات بە شێوەی قەرز بۆ ئەوەی بتوانن وەبەرھێنان بکەن، تا پڕۆژەکانیان سەرکەوتن بەدەست بێنن.''
کەمال ئەحمەد ڕوونی کردەوە: "ئێمە وەک یەکێتیی وەبەرھێنەران لەگەڵ ھاتنی کۆمپانیای بیانین بۆ ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی ئێمە لەگەڵ دامەزراندنی کارگەی پیشەسازین لە ھەرێمی کوردستان، چونکە جگە لەو سوودەی کە بەرھەمی ناوخۆ زیادتر دەبێت، ھەلی کاریش بۆ ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەڕەخسێندرێت.''
قائید میرۆ




