لە سنووری پارێزگای ھەولێر ٦٠ ئەنجوومەنی شارەوانی دروست دەکرێن

ھەولێر-KDP.info- بەپێی بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەنجوومەنی شارەوانیەکان زیندوو دەکرێنەوە و بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکانی ھەولێریش دەڵێ، تەنیا لە سنووری پارێزگای ھەولێر ٦٠ ئەنجوومەنی شارەوانی دروست دەکرێن و لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگاوە ھەڵدەبژێردرێن.
سەرتیپ خالید، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکانی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "بڕیارە لە سنووری پارێزگای ھەولێر ٦٠ ئەنجوومەنی شارەوانی پێکبێن و بە پێی بڕیاری سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران لەو شوێنانەی شارەوانی ھەیە ئەنجوومەنی شارەوانیەکان پێکدێت، بە پێی پلەبەندیش ھەر شارەوانیەک لە حکوومەت بە پلە رێکخراوە".
بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکانی ھەولێر دەشڵێت: "پێکھێنانی ئەنجوومەنی شارەوانیەکان پێویستی بە ھەڵبژاردن ھەیە لە لایەن ئەنجوومەنی پارێزگاوە و ئێستا خەریکی رێکخستنی پرۆسەی پێکھێنانی ئەنجوومەنەکانین و ھەرکاتێک لە سنووری ھەر شارەوانیەک کۆتایی ھات ئەوە لە ڕێگەی پارێزگاوە پێشکەشی ئەنجوومەنی پارێزگا دەکرێت بۆ دەنگدانی لەسەری".
سەرتیپ خالید ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "ھەر ٦٠ ئەنجوومەنی شارەوانی پێکەوە ناخرێتە پرۆسەی دەنگدان لە ئەنجوومەنی پارێزگا، پێکھاتەی ئەنجوومەنی شارەوانیش بەشێوەیەک رێکخراوە بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی حکوومەت و نوێنەری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی تێیدا ئەندامن".
قائید میرۆ




