رۆژان سلێڤانەیی: حکوومەت جدییە لە دامەزراندنی دەزگای خۆراک و دەرمان

ھەولێر-KDP.info- بڕیارە دەزگای نیشتیمانی بۆ خۆراک و دەرمان دابمەزرێت و ئەندامێکی لیژنەی تەندروستیش لەپەرلەمانی کوردستان دەڵێ، بە دامەزراندنی دەزگایەکی نیشتیمانی کۆتایی بە پرسی خۆراک و دەرمانی قاچاخ و ماوە بەسەرچوو دێت.
رۆژان سلێڤانەیی، ئەندامی لیژنەی تەندروستی بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "دامەزراندنی دەزگای نیشتیمانی خۆراک و دەرمان یەکێکە لە کارنامەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بڕیارە دەزگایەکی نیشتیمانی بۆ خۆراک و دەرمان دابمەزرێت، ئێمەش وەک پەرلەمان لە ھەوڵدایین لەگەڵ حکوومەت بۆ ئەوەی دەزگاکە دابمەزرێت، بۆیە دڵنیاین حکوومەتیش زۆر جدییە بۆ دامەزراندنی دەزگاکە، چونکە لە زۆرێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیھانیش دەزگای ھاوشێوە ھەن".
ئەندامەکەی لیژنەی تەندروستی دەشڵێت: "خۆراک و دەرمان دەکەونە چوارچێوەی ئاسایشی نەتەوەیی و پێویستە بە تەواوەتی لەژێر کۆنتڕۆڵدابن، لەبەر ئەوەی پەیوەندیان بە ژیانی ھاووڵاتیانی ھەر وڵاتێکەوە ھەیە".
رۆژان سلێڤانەیی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "بە دامەزراندنی دەزگای نیشتیمانی خۆراک و دەرمان دەتوانرێت بابەتی دەرمان و خۆراک کۆنتڕۆڵبکرێت، چونکە ئێمە دەبینین ڕۆژانە دەرمان و خۆراکی ماوە بەسەرچوو بێ کوالێتی دەستی بەسەردا دەگیرێت، بەڵام ئەگەر دەزگایەک ھەبێت ھێنانی خۆراک و دەرمان بەشێوەی نا یاسایی و لە سەرچاوەی نادیار کۆتایی دێت".
قائید میرۆ




