٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسێکی کۆمسیۆن: لەم حەفتەیەدا پارەی کارمەندانی ڕۆژی دەنگدان دابەش دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک -KDP.info- بەرپرسی ئۆفیسی پارێزگای دھۆکی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرای کرد، پارەی کارمەندانی ڕۆژی دەنگدان گەیشتوووتە دھۆک و بڕیارە لەم حەفتەیەدا بەسەر ١١ ھەزار کارمەندی ڕۆژی دەنگداندا دابەش بکرێت.

خالید عەباس، بەرپرسی ئۆفیسی پارێزگای دھۆکی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ڕۆژانی ڕابردوو دوو ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دیناری عێراقی پارەی کارمەندانی سەر سندووقەکانی دەنگدان گەیشتوووەتە پارێزگای دھۆک و بڕیارە لەسەر ژمارەیەک بانکی دھۆک دابەش بکرێت، نووسراوی دابەشکردن ئەمڕۆ لە کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان واژوو کراوە و نووسراوەکە بگاتە دەستمان یەکسەر دەست بە دابەشکردنی پارەکە دەکرێت.''

بەرپرسەکەی کۆمسیۆن لە دھۆک دەڵێت: "لە ڕۆژی پرۆسەی دەنگدانی ١٠ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق لە سنووری پارێزگای دھۆک ١١ ھەزار کەس وەک کارمەند بەشدارییان کردووە و بۆ ئەو کارمەندانەی فەرمانبەری حکوومەتن ١٥٠ ھەزار دینار و بۆ ئەوانەی فەرمانبەر نین و دەرچووی زانکۆ و پەیمانگان لەگەڵ مامۆستایان ٢٥٠ ھەزار دینار خەرج دەکرێت.''

خالید عەباس ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "لەم حەفتەیەدا دەست بە دابەشکردنی پارەی کارمەندانی سەر سندووقی دەنگدان دەکەین و ھەر کارمەندێک بەشداریی کردبێت، دەتوانێت سەردانی ئەو بانکە بکات کە بۆ دیاری دەکرێت بە مەبەستی سوودمەندبوون لە پارەی کارمەندانی ڕۆژی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.''

 

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار