دهقی وتارهكهی مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ، چوارشهممه، مهسرور بارزانى، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرێس كۆنفرانسێكدا باسی لە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و پەیوەندیییەکانی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی و مافە دەستوورییەکانی هەرێم و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە دەکات.
دەقی وتاری مەسرور بارزانی:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەڕێزان زۆر زۆر بەخێر بێن، ڕۆژتان باش
لەم ماوەیە چەندین بابەت كۆبوونەتەوە كە پێویستە قسەیان لەسەر بكەین و هەڵوەستەیان لەسەر بكەین.
من هەوڵ دەدەم بە خێرایی باسی ئەو بابەتانە بكەم، دواتر ڕێگە بە پرسیارەكان دەدەین.
بابەتی یەكەم كە لەوانەیە جێی پرسیار بێت، بابەتی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستانە، ئێمە وەكوو حكوومەتی هەرێمی کوردستان داكۆكی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا دەكەین، من خۆم داكۆكی لەوە دەكەم كە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێ و ئەوەی پێویست بووە لەسەر حكوومەتی هەرێم گیراونەتەبەر بۆ ئەوەی دوا نەخرێت، ئەمە ڕێزگرتنە لەو پرۆسە دیموكراتییەی كە هەموومان بڕوامان پێیەتی و پابەندین پێی، هیوادارم لایەنە سیاسییەكانیش لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ڕێك بكەون.
بابەتێكی دیكە كە پێویستە بە گرنگییەوە باسی بكەین، هەروەك دەزانن ئەم ماوەیە قسەی زۆر دەكرێ لەسەر ئەوەی كە لە هەندێك شوێن، بە تایبەتی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی ڕاپەڕین و گەرمیان مووچە لە كاتی خۆیدا نادرێت. لێرەدا حەز دەكەم ئاماژە بە خاڵێكی گرنگ بدەم كە هەر لە دەستپێكی ئەم كابینەیەوە ئێمە گوتوومانە حكوومەت سەرتاسەرییە لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانەوە ئەجێندای حكوومەت پێویستە جێبەجێ بكرێت، هەموانیش پابەندن پێیەوە، لەم ڕوانگەیەوە داوا كرا دەسەڵاتەكان بۆ حكوومەتەكانی محەلی شۆڕ بكرێنەوە، ئێمەش ئەو بڕیارەمان دا تا حكوومەتەكانی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان بتوانن لە چوارچێوەی ئەجێندای حكوومەتدا كارەكان بەڕێ بكەن، بەڵام بەداخەوە وەكوو پێویست لە هەموو پارێزگاكان ئەجێندای حكوومەت وەكوو یەك جێبەجێ نەكراوە، لە هەندێك شوێن دەبینین داهاتی ناوخۆ زیاد بووە و لە هەندێك شوێنیش نەك زیاد نەبووە، بەڵكوو كەمیش بووەتەوە.
بەڕێزان، من پێشتریش باسم كردووە، داهاتەكانی هەرێمی كوردستان سێ جۆرن، یەكێكیان داهاتەكانی فرۆشتنی نەوتە، ئەمەش بەپێی ڕێژەی دانیشتوان و ئەو میكانیزمەی لە كابینەكانی پێشتریش ئامادە كراوە، بەو شێوەیە ئەو بڕە داهاتە بەسەر هەموو هەرێمی كوردستاندا بە یەكسانی و دادپەروەرانە دابەش دەكرێ.
داهاتی دووەم ئەو داهاتەیە كە لە حكوومەتی فیدراڵییەوە جار جار بۆمان دێت و ماوەیەكی زۆریش بۆمان نەهات و هێشتاش مانگانە دەبێ داوای بكەین تاوەكوو ئەو داهاتە بۆ هەرێمی كوردستان تەرخان بكرێت. ئەم داهاتەش دیارە و بەپێی ڕێژەكانی پێشتر بەسەر هەموو ناوچەكان و مووچەخۆرانی كوردستاندا دابەش دەكرێت.
بەشەكەی تر كە جێگەی پرسیارە، داهاتی ناوخۆ و غەیری نەوتییە كە لە داهاتی خاڵە سنوورییەكان و داهاتی ڕسوومات و باجە، ئەم داهاتە لە پارێزگاكانی دهۆك و هەولێر زیادی كردووە، بەڵام بەداخەوە لە پارێزگاكانی دیكە وەكوو پێویست كاری لەسەر نەكراوە، ئەمە بووەتە هۆكار كە ئەو بڕە پارەیەی پێویستە بۆ تەكمیلكردنی مووچەی مووچەخۆران، دوا دەكەوێت كە ئەوەش بووەتە جێی پرسیار.
حەز دەكەم ئاماژە بەوە بدەم كە ئێمە وەكوو حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش و خۆم وەكوو شەخس، كەس لە خۆمان بە خەمخۆرتر نازانین بۆ هەموو خەڵكی كوردستان بەبێ جیاوازی لە هەر كوێیەك بن، پابەندین بەوەی مووچەكانیان لە كاتی خۆیدا دابین بكرێت. بەڵام ئەگەر لە شوێنێك كەمتەرخەمی كراوە، پێویستە پرسیار لەوە بكرێت بۆ ئەم كەمتەرخەمییە هەیە؟ هەر لەم ڕوانگەیەشەوە لە ڕۆژانی داهاتوو داوا لە پارێزگارەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ڕاپەڕینیش دەكەم، بێن و بۆم باس بكەن ئایا كێشەكان لۆكاڵی و ناوچەیین، یان گشتین؟ هەروەها كێ بەرپرسە لە كەمكردنەوەی ئەو داهاتەی پێویستە بۆ دابینكردنی مووچە، دوای ئەوەی قسەمان كرد، بەرچاوڕوونیی زیاترمان دەبێ و قسەی زیاتریشی لەسەر دەكەین.
بابەتێكی تر ئەوەیە، لەو ماوەیەی ڕابردوو چ بەهۆی كۆرۆنا بێت، یان وشكەساڵی بێت؟ یان لە دوای شەڕی ڕووسیا و ئۆكراینا نرخی كاڵاكان و كەرەستەی خۆراكی و سووتەمەنی لە ئاستی جیهاندا بەرز بووەتەوە، ئەمە كاریگەری لەسەر زیادبوونی نرخی ئەو كاڵایانە لە هەرێمی كوردستان كردووە، ئەمە چەندین هۆكار هەیە، چ كۆرۆنا بێت یان كێشەی ئابووریی هەندێك وڵات، یان شەڕ بێت، ئەمە وای كردووە كە بازرگان و زۆر خەڵكی هەوڵ بدەن زووتر كەرەستەكان پەیدا بكەن و هەندێك وڵات دەیانەوێ كەرەستەكان لای خۆیان بێڵنەوە و نەیفرۆشن، بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنیش كاریگەری لەسەر گواستنەوەی مەوادەكان هەیە، ئەمەش وای كردووە نرخی سووتەمەنی لە هەموو شوێنێك بەرز ببێتەوە، ئێمە چەندین ڕێكارمان گرتۆتە بەر و بەردەوامیش دەبین بۆ كەمكردنەوەی ئەو فشار و پاڵەپەستۆیەی كەوتووەتە سەر هاووڵاتییان، تاوەكوو بە تەنیا نەبن و حكوومەت پاڵپشتیان بێت. ئێمە هاوخەمی هاووڵاتییانی خۆمانین و دائیمەن لە خەمی ئەوەداین چۆن بتوانین فشارەكە كەم بكەینەوە، چەند ڕێیەكمان گرتووەتە بەر، بۆ نموونە كەمكردنەوەی نرخی كارەبا بۆ فڕنەكان، هەروەها لێخۆشبوونی گومرگیمان بۆ خۆراكە سەرەكییەكان كردووە، حكوومەتی عێراقیش بڕیاری داوە كە بۆ ماوەیەكی دیاریكراو لێخۆشبوون هەبێت، هەوڵ دەدەین ئەو ماوەیە لەلایەن حكوومەتی عێراقیش درێژ بكرێتەوە و هەوڵ دەدەین لای خۆشمان ئەم بڕیارە هەبێت. هەروەها داوا لە بازرگانان دەكەین كە بە ڕێژەیەكی زیاتر كەرەستەكان هاوردە بكەن، یارمەتیی ئەو بازرگانانەش دەدەین كە كۆگایان هەیە و نرخی بەڕێوەبردنی كۆگاكانیشیان لەسەر كەم دەكەینەوە، بە هەر جۆرێك بێت چ باج، یان گومرگ، یان ڕێگەدان بە هاوردەكردنی كەرەستەكان، بەمەش وا بكەین هاووڵاتییان دڵنیا بن كە حكوومەت هەموو ڕێكارێك بۆ كەمكردنەوەی فشارەكان دەگرێتە بەر.
هەروەها سووتەمەنی، ئەوەی كە پێویستە لە پارێزگاكانی دیكەی عێراق، یان لە دەرەوەی هەرێمی كوردستانیش كە پێویست بێت بۆ هاووڵاتییان داخیل بكرێ بۆ كەمكردنەوەی نرخ لەسەر هاووڵاتییان، لەسەر ئەو سیاسەتەش بەردەوام دەبین تا نرخی سووتەمەنی كەم بكەینەوە.
بابەتێكی دیكە، وزە و پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵییە، ئێمە لە پرێس كۆنفرانسی پێشووتریش لەسەر یاساییبوونی ئەم بابەتە قسەمان كردووە، بەداخەوە هەندێك جار قسەی ناڕاست دەكرێ كە حكوومەتی هەرێم پابەند نەبووە، یان ئیستجابەی نەبووە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر، ئێمە بەردەوام بووین لە پەیوەندیكردن لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی تا بگەینە ئەنجامێك لەسەر بنەمای دەستوور و مافە دەستوورییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان و عێراقیش بەگشتی، ئێمە پێشتریش ڕوونمان كردووەتەوە كە بڕیاری تاكلایەنە كە پێشێلی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان بكات، جێی پەسەند نییە و هیچ كەسیش ئەو مافەی نییە، نە حكوومەت و نە حزب و تاك، بڕیار لەجێی خەڵكی كوردستان بدات، دەستوورێكمان هەیە و مافەكانی خەڵكی كوردستان دیاری كراوە، بە هیچ شێوەیەك قەبووڵ نییە ئەم دەستوورە پێشێل بكرێت.
بۆ بابەتی پەیوەندیكردن بۆ چارەسەر، لە بابەتی وزە و هەناردەكردنی نەوت و مەلەفی نەوت و غاز بە شێوەیەكی گشتی، لە مەلەفی بەردەوامداین، پێم سەیرە دەڵێن حكوومەتی هەرێم ئیستجابەی نەبووە، بەم دواییەش پێشنیازمان پێ گەیشتووە و بە فەرمی و نووسراویش وەڵامی پێشنیازەكانمان داوەتەوە، ئێمەش لەسەر بنەمای یاسا و دەستوور ڕای هەرێمی كوردستانمان دیاری كردووە كە بە چ شیوەیەك دەتوانین بگەین بە ئەنجامێك لە بەرژەوەندیی خەڵكی عێراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان. چاوەڕێی ئەوەین كە حكوومەتی عێراق بۆ چارەسەركردنی بابەتەكە زیاتر پەنا بۆ یاسا و چارەسەرە دەستوورییەكان ببەن و خۆیان لە بابەتە سیاسییەكان بەدوور بگرن و ئەمە وەك كارتێكی فشاری سیاسی بەرامبەر هەرێمی كوردستان بەكار نەهێنن.
خاڵێكی تر، ئەوەیە كە زۆر جار لە ڕاگەیاندنەكاندا دەبینین توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەت دەكرێ و بەردەوامە، لەوانەیە ناهەقییەك بەرامبەر خەڵكی كوردستان بكرێت كە گوایە ئەم دیاردەیە تەنیا لە هەریمی كوردستانە، ئەمە ڕاستییە و لە ناوچەكە بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی كوردستان و دەرەوەش ئەم دیاردەیە هەیە، پێویستە بنبڕ بكرێت، خۆزگە بمانتوانیایە هەرێمی كوردستان وا پێشان بدەین كە ئەم دیاردەیە بە هیچ شێوەیەك نییە، هەوڵیش دەدەین بنبڕی بكەین، بۆ ئەمەش سوپاسی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان، بەتایبەتی وەزارەتی ناوخۆ دەكەین بۆ وەرگرتنی ئەو ڕێوشوێنانەی پێویستن بەرامبەر بەو تاوانبارانە و ئەوانەی توندوتیژی دەكەن، بەڵام پێویستە ڕێكاری پێشوەختەش بگرینە بەر تا خەڵك بیر لە توندوتیژی نەكاتەوە، ئەویش بە هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە و بەرزكردنەوەی ئاستی پەروەردە دەبێت، مامۆستایانی قوتابخانەكان و مامۆستایانی ئایینی ئەوە وەبیر خەڵك بێننەوە كە یەكسانیی ڕەگەزی لە كوردستان جێی شانازییە و كوردستان جێیەك نییە كە توندوتیژی تێدا بەردەوام بێت. بۆیە ئێمە لە حكوومەت هەموو ڕێگەیەك دەگرینە بەر بۆ بنبڕكردنی ئەم تاوانانە.
خاڵێكی تر، كە دواخاڵمە، ئەوەیە ئێمە هەستمان كردووە خەڵكێكی زۆری هەژار و كەم مووچە هەن كە كێشەی نیشتەجێبوونیان هەیە، قسەی زۆرمان لەگەڵ هەندێك وەبەرهێنەر كردووە تاوەكوو ئەم بارە لەسەر خەڵكی كەمدەرامەت كەم بكەینەوە، قسەی زۆرمان لەم بارەیەوە كردووە، ئەمە تەنیا بۆ خەڵكی كەمدەرامەت و هەژارە، ئێمە بڕیارێكمان داوە ٢٠ هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لەسەر ئاستی هەموو كوردستان و هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان، بەپێی ڕێژە دەستنیشانی شوێنەكان بكرێت و لەگەڵ هەندێك لەو وەبەرهێنەرانەی دەتوانن لەگەڵ حكوومەت ئەم كارە بكەن، تاوەكوو حكوومەت بە شێوەیەكی درێژخایەن و بە قیستی درێژخایەن حكوومەت بتوانێت یەكەی نیشتەجێبوون بۆ هەژار و كەمدەرامەتان دەستەبەر بكات، ئەمە بێگومان دواپرۆژەمان نابێت و دەستپێكێكی باشە، هیوادارم هەژار و كەمدەرامەتەكان بتوانن سوودمەند بن لەم پرۆژەیە.




