قایمقامی شنگال: خەڵکی شنگال ئاوارەی دەرەوە و ناوخۆ دەبێت

شنگال-KDP.info- قایمقامی قەزای شنگال بەوەکالەت ڕایگەیاند، خەڵکی شنگال بەھۆی ئاڵۆزیەکانەوە ئاوارەی دەرەوە و ناوخۆی شنگال دەبن و لەو ناوچانە نامێنن کە پەکەکەی لێیە، بۆیە باشترین چارەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگالە.
نایف سەیدۆ، قایمقامی قەزای شنگال بەوەکالەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بەھۆی ئەو شەڕو ئاڵۆزیانەی لە شنگال دروستبوونە دۆخی ئەمنی شنگال خراپە و خەڵک لە ترسی ژیانی خۆی ئاوارە دەبێت و بەشێکی زۆری ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوونە و لە پارێزگای دھۆک نیشتەجێبوونە و شوێنیان بۆ دابینکراوە لەگەڵ پێداویستی سەرەتایی".
نایف سەیدۆ گوتیشی: "جگە لەوەی خەڵکێکی زۆر ئاوارەی دەرەوەی شنگال بوونە و ھاتوون بۆ ھەرێمی کوردستان و لە پارێزگای دھۆکن، لە ناوخۆی شنگالیش خەڵک لەو شوێنانەی پەکەکەی لێ زۆرە بەتایبەت لە کۆمەڵگاکان ئاوارەی ئەو شوێنانە دەبن کە پەکەکەی لێ کەمە، چونکە پەکەکە لە شنگال لە ھەموو شوێنێک ھەیە".
سەیدۆ باسی لەوەشکرد: "دۆخەکە چارەسەری بەو شێوەیە ناکرێت و پێویستە ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی دۆخی شنگال ئاسایی بێتەوە و خەڵکیشی بۆ بگەرێتەوە، ئەگەرنا دۆخەکە بەو شێوەیە خراپ دەبێت و خەڵکەکە ناتوانێت بگەرێتەوە".
بەپێی دوایین ئاماریش ھەزار و ٧١١ خێزان ئاوارەی دھۆک بوونە کە دەکاتە ١٠ ھەزار و ٢٦١ کەس، لە کەمپەکان و دەرەوەش شوێنیان بۆ کراوەتەوە و پێداویستیشیان بۆ دابینکراوە.
بڵند ئیبراھیم




