٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وورده‌كاری گۆڕینی تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل و نرخه‌كه‌ی له‌ KDPیه‌وه‌ بزانه‌

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی ھاتووچۆی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕیاری جێبەجێکردنی تابلۆی نوێ لە عێراق و ھەرێمی کوردستان دەبێتە یەک جۆرە تابلۆ، ئێستا لە ھەرێم دەستی پێکردوو و کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، سەرەتاش تەنھا تابلۆی نوێ بەو ئۆتۆمبێلانە دەدرێت کە کاتین و دوای جەژن گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلی ژمارەکراو دەست پێدەکات، لای خۆشیەوە گوتەبێژی ھاتووچۆی هه‌ولێر دەڵێت، نرخی تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل ٦٠ھەزار دینارە.

عەمید ئەسعەد کەریم، گوتەبێژی ھاتووچۆی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دەست بە جێبەجێکردنی بڕیاری لێدانی تابلۆی نوێ لە ھەرێمی کوردستان کراوە و سەرەتاش لە ھەولێر دەستی پێکرد و ئەمڕۆش لە دھۆک و لە سلێمانیش دەست پێدەکات، لە قۆناغی یەکەم ئەو ئۆتۆمبێلانە تابلۆیان بۆ لێدەدرێت کە کاتین، بەڵام ئەوانەی ژمارە کراون و تابلۆی کۆنن ئەوانە جارێ ھێشتا دەستی پێنەکردووە و دوای جەژن ئەویش دەست پێدەکات بۆ ئەوەی قەرەباڵغی دروست نەبێت، بەڵام ئەوانەی ژمارە کاتین پێویستە لە ماوەی دوو مانگ ئۆتۆمبێلەکانیان ژمارە بکەن گەرنا کاتیان تەواو دەبێت و سزا دەدرێن، بۆیە ھەر پارێزگایەک کۆدێکی بۆ دیاری کراوە، بەڵام یەک جۆرە تابلۆ دەبێت لە ھەموو عێراق و ھەرێمی کوردستان".

عەمید ئەسعەد کەریم گوتیشی: "ئێمە لە ھەرێمی کوردستان تایبەتمەندی خۆمان ھەیە و ڕاستە یەک جۆرە تابلۆ لە ھەموو عێراق و ھەرێم ھەیە، بەڵام ئێمە دەستمان پێکردووە و عێراقیش ئارەزووی خۆیەتی کەی دەستپێدەکات، بەڵام لە ھەرێم مەرج نیە ھەر کەسێک لە پارێزگایەک بێت پێویستە لەو پارێزگایە ئۆتۆمبێلەکەی ژمارە بکات و دەتوانێت لە ھەر پارێزگایەک بێت ئۆتۆمبێلەکەی ژمارە بکات، بۆیە وەکو پێشووترە و کێشەیان نابێت".

کەریم ڕوونیشی کردەوە: "لە پارێزگاکانی دیکە ھاووڵاتی دەتوانێ بێت ئەگەر ئۆتۆمبێلی کاتی بێت لە پارێزگاکانی تر ژمارە و تۆماری بکات، بۆیە گرفت دروست نابێت، ئەوەی گرنگە لە ھەموو عێراق و ھەرێمی کوردستان دەبێتە یەک جۆرە تابلۆ".

لای خۆشیەوە فازڵ حاجی عەلی، گوتەبێژی ھاتووچۆی ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوێنێ لە کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆ دەستمان بە لێدانی تابلۆی نوێ کرد و لە ئێستادا تابلۆی نوێ تەنھا بەو ئۆتۆمبێلانە دەدرێت کە کاتین و جارێ نادرێتە ئەوانەی ژمارە کراون و دوای جەژن ھی ئەوانیش دەست پێ دەکات".

فازڵ حاجی گوتیشی: "ئەوەی باس لەوە دەکات نرخی زۆر گران بووە بەراورد بە نرخی ڕابردوو ڕاست نیە و ئەوەی پێشووتر نرخی تابلۆ ٥٠ ھەزار دینار بوو ئێستا بۆتە ٦٠ ھەزار دینار و نرخەکەی بەو شێوەیە گران نەبووە وەکو بڵاو کراوەتەوە".

ھاوکات وتیشی: "پێدانی تابلۆ بە ئۆتۆمبێلی کاتی بەردەوام دەبێت و ئێستا پڕۆسەکە بە شێوەیەکی زۆر باش و ڕێکوپێک بەرێوەدەچێت".

 

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار