٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پڕۆژەی بازاڕی سپی کەوتە واری جێبەجێکردنەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ، سێشەممە، مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پڕۆژەی بازاڕی سپی کەوتە واری جێبەجێکردنەوە کە زەوییەکەی بە ڕووبەری زیاتر لە 60 هەزار مەتر دووجا لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر جادەی 120 مەتری دابین کراوە.

جێگری پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد کە شوێنی بازاڕەکە زۆر باشە و هەموو کەسێک دەتوانێت بە ئاسانی بیگاتێ و لە گەڕەکی کوردستانیش نزیکە کە بازاڕی سپی شوێنگرەوەی بازاڕی سیمە و بازاڕی سیم بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 24/7/2020 لە گەڕەکی کوردستانی شاری هەولێر بەهۆی ئاگرکەوتنەوە سووتا و زیاتر لە 230 دوکان زیانیان پێ گەیشت.

مەسعود کاڕەش داوای لە خاوەن موڵک، یان کرێچیی دوکانەکانی بازاڕی سپی کرد کە سەردانی بەشی ژمێریاریی پارێزگای هەولێر بکەن بۆ ئەوەی 40٪ی تێچووی بازاڕەکە کە دەکەوێتە ئەستۆی ئەوان بیدەن، بۆ ئەوەی بەڵێندەر قۆناغەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بەرەو پێشەوە ببات و بۆ ئەو مەبەستەش 10/5/2022ی وەکوو دوامۆڵەت ڕاگەیاند.

جێگری پارێزگاری هەولێر ڕوونیشی کردەوە کە پڕۆژەکە نزیکەی 18 مانگ دەخایەنێت و بڕیاریان داوە بە سێ قۆناغ تێچووی دوکانەکان وەربگرن کە قۆناغی یەکەم 40٪ و قۆناغی دووەم 40٪ و قۆناغی سێیەمیش 20٪ دەمێنێتەوە و بەڵێندەر بەپێی بەرەوپێشبردنی کارەکە بە قۆناغ پارە وەردەگرێت و لە کۆتاییدا خاوەن موڵک یان کرێچییەکان بە تەواوی دەبن بە خاوەنی دوکانی خۆیان.

مەسعود کاڕەش بازاڕەکەی بە بازاڕێکی شایستەتر و هاوچەرختر لەوەی پێشتر وەسف کرد و گوتی: هەموو مەرجەکانی خزمەتگوزاری لە ئاو، لە کارەبا، لە ئاگرکوژێنەوە و هەمووی تێدایە و ئەو کێشانەی پێشتر هەبوون، جارێکی دیکە نابنەوە.

لە سەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زەوی بۆ دروستکردنەوەی بازاڕی سپی دابین کراوە و پڕۆژەکە بە گوژمەی 14 ملیار و 412 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت.

 

ڕامان وریا

هەواڵی پەیوەندیدار