"لە ئایندەیەکی نزیکدا پێشمەرگە و سوپای عێراق ئۆپەڕاسیۆنی ھاوبەش بەڕێوە دەبەن''
__2022_04_20_h16m38s54__ER.jpg)
هەولێر -KDP.info- بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئۆپەڕاسیۆنی ھاوبەش لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی داعش بەڕێوە بچێت و سەرچاوەیەکی سەربازییش دەڵێت، ئەمەی بەڕێوە دەچێت قۆناغی دووەمی ئۆپەڕاسیۆنی ھاوبەشە.
سەرچاوەیەکی باڵای سەربازی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای وەستانی ئۆپەڕاسیۆنی ھاوبەش لە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا بڕیارە لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا قۆناغی دووەمی بەڕێوەبردنی ئۆپەڕاسیۆنی ھاوبەش جێبەجێ بکرێت و تێیدا ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق پێکەوە ئۆپەڕاسیۆن دژی چەکدارانی داعش بەڕێوە دەبەن، چونکە ئەوەی سەرەتای ئەمساڵ بەڕێوە چوو، قۆناغی یەکەمی ئۆپەڕاسیۆنی ھاوبەش بوو لە نێوان پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکاندا.''
سەرچاوەکە ڕوونی کردەوە: "لە سەرەتای دەرکەوتنی داعشەوە تا ئێستا داعش ھێشتا لە زۆر دەڤەری عێراق ماوە و بێدەنگی داعش لە ھەندێ کاتدا بە مانای کۆتایی داعش نایەت، لەبەر ئەوەش پێویستە بەردەوامی بە ئۆپەڕاسیۆنەکان بدرێت، بەتایبەتی لە ھەندێ ناوچەی عێراق و ناوچە کوردستانییەکان کە داعش تێیاندا دەستی بە جووڵە کردووە.''




