وەزارەتی کشتوکاڵ: ئەگەری ھەیە ڕێژەی زۆری گەنمی ئهمساڵ نەدوورێتەوە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری چاندن و بنەتۆ لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمساڵ بەرھەمی گەنم زۆر کەم دەبێت بەھۆی کەمی بارانبارین، بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆش ناچارین پشت بە گەنمی ھاوردە ببەستین، چونکە بەرھەمی ئەمساڵ لە ساڵی ڕابردوو کەمتر نەبێت زیاتر نابێت.
بەڕێوەبەری چاندن و بنەتۆ لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕێژین سدقی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەمساڵ بەرھەمی گەنم زۆر خراپە و ئەگەری ھەیە ڕێژەی ھەرە زۆری بەرھەمەکان نەدوورێتەوە بەھۆی کەمی بارانبارین، لە ئەنجامدا زەویەکی زۆر لەناو دەچێت و بەرھەمی نابێت، سەرەڕای ئەوەی ئەمساڵ ڕێژەیەکی زۆری گەنم لە ھەرێمی کوردستان چێندراوە، کە نزیکەی ٢ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دۆنمە کە کەمتر لە ملیۆنێک چاوەڕێ دەکرێت بەرھەمی ھەبێت و ئەوەی دیکە بێ بەرھەم دەبێت، چونکە بێ بارانی کاریگەری زۆری ھەبوو لەسەر بەرھەمی گەنمی ئەمساڵ".
ڕێژین سدقی گوتیشی: "ئەوەی بدورێتەوەش بەرھەمی کەم دەبێت، بۆیە ئەمساڵ زیانی زۆر بە جوتیاران دەکەوێت و چارەسەریشی قورسە، چونکە بەرھەم زۆر کەم دەبێت، بۆیە ناچارین پشت بە ھاوردە ببەستین، چونکە ساڵی ڕابردوو بەرھەم کەم بوو ئەمساڵیش کەمتریش نەبێت زیاتر نابێت".
سدقی باسی لەوەشکرد: "ساڵی ڕابردوو ١٢٦ ھەزار تەنمان ڕادەستی سایلۆکان کرد و بەرھەم زۆر کەمبوو، کە نزیکەی ٢٥٠ ھەزار تەن بوو، بۆیە ئەمساڵیش ڕادەستی سایلۆ دەکرێت بەس ڕێژەکە کەم دەبێت".
بڵند ئیبراھیم




