شاندێکی پەرلەمانی کوردستان سەردانی ئەڵمانیا دەکەن

ئەڵمانیا-KDP.info- بڕیارە شاندێکی پەرلەمانی کوردستان سەردانی ئەڵمانیا بکەن و جێگری کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەڵمان لە وڵاتی ئەڵمانیا ئامانجی سەردانەکە ئاشکرا دەکات.
ئارمانج عەگید نێروەیی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وەکو کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەڵمان داوەتنامەیەکی فەرمیمان پێشکەش بە سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی کوردستان کردووە بۆ ئەوەی سەردانی بەرلین بکەن، بە خۆشحاڵیەوە داوەتنامەکەمان قبووڵکراوە و بڕیارە شاندێکی پەرلەمانی کوردستان سەردانی ئەڵمانیا بکەن".
لەبارەی ئامانج و ناوەڕۆکی سەردانەکەشیان نێروەیی گوتیشی: "شاندەکەی پەرلەمانی کوردستان بڕیارە چاویان بکەوێت بە ژمارەیەک ئەندامانی پەرلەمانی فیدراڵ و ھەرێمی بەرلین لە فراکسیۆنی جیا جیا و سەردانی کۆمەڵە و سازییەکانی کوردستان بکەن و، ھەروەھا سازدانی ھەندێک چالاکی لەگەڵ ڕەوەندی کوردستانی بۆ وەرگرتنی زانیاری و دیتنی ڕەوشی کوردستانیان لە ئەڵمانیا".
ھاوکات ئارمانج نێروەیی، باسی لەوەشکرد: "شاندەکە بەشدار دەبێت لە کۆنفرانسی زانستی لە زانکۆی بوخوم لە ئەڵمانیا، کە بڕیارە لە ٧و٨ی مانگی گوڵان (ئایار)ـی داھاتوو ببەسترێت بە بەشداری شاندی باڵای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئاستی وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و پەروەردە و زانکۆیەکانی کوردستان و، ھەروەھا شاندی عێراقی و وڵاتانی عەرەبی و ئەڵمانی و یەکێتی ئەوروپا بەشدار دەبێت، جێگری کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەڵمان گوتیشی، لەم کۆنفرانسەدا کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەڵمان بەشدارە، کە لەلایەن ڕێکخراوی نێونەتەوەیی (ھومان رێستارد) دەبەسترێت".
کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەڵمان، لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بەمەبەستی کارکردن بۆ ھەماھەنگی و پتەوکردنی پەیوەندی زیاتر لە نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتی ئەڵمانیا دامەزراوە.
نەشوان بەرزنجی




