ئەمساڵ لەچاو ساڵی ڕابردوو سەرپێچیی ژینگە کەمترە و خەڵک ماسی ڕاو ناکەن
__2022_04_02_h16m25s51__ER.jpg)
دھۆک-KDP.info- فەرماندەی ھێزی پاراستنی ژینگە لە سنووری پارێزگای دھۆک گوتی، ساڵی ڕابردوو ئەوانەی سەرپێچیی ژینگەیان دەکرد، بەتایبەت ئەوانەی لە کاتی قەدەغەکردندا ڕاوی ماسییان دەکرد زۆر بوون، بەڵام ئەمساڵ زۆر باشترە و تا ئێستا ھیچ سەرپێچیکارێک دەستگیر نەکراوە.
عەقید جەمال سەعدۆ کورکی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەوانەی سەرپێچی دەکەن زیاتر بڕینی دار و گرتنی ماسی لە کاتی قەدەغەکردن و پیسکردنی ژینگە لە کاتی سەیرانە، بەڵام ئەمساڵ زۆر باشترە و تا ئێستا ھیچ سەرپێچیکارێک دەستگیر نەکراوە، چونکە ئەمساڵ لە ٥/٣ ڕاوی ماسی قەدەغە کراوە و تا ئێستا ھیچ کەسێک دەستگیر نەکراوە، تیمەکانمان بەردەوام دەگەڕێن و زانیاریشمان بەدەست دەگات و ئەوانەی بە کارەبا و تۆڕ ماسی ڕاو دەکەن زۆر کەم بووە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو .''
فەرماندەی ھێزی پاراستنی ژینگە لە سنووری پارێزگای دھۆک گوتیشی: ''حاڵەت ھەر دەبێت، بەڵام ئەمساڵ زۆر کەمە و بگرە تا ئێستا کەسمان وەکوو سەرپێچیکار دەستگیر نەکردووە، چونکە خەڵک ھاوکارە و زانیاریمان پێ دەدەن و ئێمەش ڕاستەوخۆ مەفەرەزە ڕەوانە دەکەین، ساڵی ڕابردوو تەنھا لەسەر گرتنی ماسی ٤٠ کەسمان دەستگیر کرد.''
بڵند ئیبراھیم




