کۆڕەو به یەکێک لە ڕووداوە هەژێنەرەکانی باشووری کوردستان دێتە ئەژمار

ھەولێر-KDP.info- سی و یهك ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژی 31/3/1991دا تەنیا 10 ڕۆژ دوای ئەوەی کە ڕاپەڕینی جەماوەری باشووری کوردستان بە پشتیوانیی هێزەکانی پێشمەرگەی بەرەی کوردستانی گەیشتە لوتکە و زۆربەی خاکی باشووری کوردستان لەدەست هێزەکانی ڕژێمی بەعسی عێراق ڕزگار کران، ڕژێمی بەعس هێرشێکی فراوانی زەمینی و ئاسمانیی کردە سەر باشووری کوردستان و زۆرینەی جەماوەری باشووری کوردستان لە کۆچێکی بەکۆمەڵدا ڕوویان لە ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان کرد.
دوای ڕاپەرینی جەماوەر و ڕزگارکردنی شارەکانی باشووری کوردستان، ڕژێمی ئەوسای عێراق بە سەرۆکایەتیی سەدام حوسێن، دیکتاتۆری لەسێدارەدراوی عێراق، بە هەزاران تانک و زرێپۆش و فڕۆکە و هەلیکۆپتەری سەربازییەوە هێرشێکی زەمینی و ئاسمانیی فراوانی کردە سەر شارەکانی باشووری کوردستان و بە ملیۆنان خەڵک وەک نیشاندانی ناڕەزایی دژی ژێردەستەیی بەعس، ماڵ و شارەکانی خۆیان بەجێ هێشت و ڕوویان لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان کرد و لەو ڕۆژەدا ژمارەیەکی زۆری خەڵکی کوردستان شەهید بوون.
لەو کۆڕەوە ملیۆنییەدا و لەژێر هێرشی فڕۆکە و بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی حکوومەتی ڕووخاوی بەغدادا خەڵکێکی زۆر و بەتایبەت ژن و منداڵ و پیر و پەککەوتە بوونە قوربانی، بۆیە بە یەکێک لە ڕووداوە هەژێنەرەکانی ئەو قۆناغەی باشووری کوردستان دێتە ئەژمار و شرۆڤەکاران پێیان وایە کۆڕەوی خەڵکی باشوور گەورەترین ناڕەزایی و یاخیبوونی مەدەنییە بەرانبەر بە داگیرکەر.
لە دوای ئەو کۆڕەوە ملیۆنییە، جەماوەری ئاوارەی باشووری کوردستان لە شارەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان و دەیان کەمپی سەربازیدا جێگیر کران و تووشی ئازار و مەینەتییەکی زۆر بوون.
هێزە داگیرکەرەکانی ڕژێمی بەعس، پاش داگیرکردنەوەی هەولێر و ناوچەکانی دیکەی کوردستان و کۆچی بەکۆمەڵی جەماوەری کوردستان، بە تەمای داگیرکردنی ناوچەکانی سۆران و باڵەکایەتی و حاجی ئۆمەران پێشڕەوییان کرد، بەڵام لە ڕۆژی 7 تا 11ی مانگی 4ی ساڵی 1991دا لەلایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی لە داستانێکی قارەمانانەی چوار ڕۆژەدا بەناوی "داستانی کۆڕێ" شکستی پێ هێندرا و ئەو داستان و بەرگرییە حکوومەتی ناچار بە دانوستان کرد.
دەنگدانەوەی كۆڕەوەكەی گەلی کورد لە باشووری کوردستان لە ناوەندە جیهانییەكاندا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی هێنایە دەنگ و لە مانگی نیسانی هەمان ساڵدا بڕیاری 866ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەرچوو و ناوچەی دژەفڕین لە ئاسمانی باشووری کوردستان ڕاگەیەندرا كە بە هێڵی 36 ناسرا و ئەمەش ڕۆڵی لە كشانەوەی هێزەكانی حكوومەتی عێراق و گەڕانەوەی خەڵك و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەبوو، سەرەنجام لە 19/5/1992دا بۆ یەكەم جار هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە چوو کە بە دەستكەوتێكی گرنگی نەتەوەی کورد و پێکهاتنی هەرێمی كوردستان ئەژمار دەكرێت، چونكە لە مێژوودا بۆ یەكەم جار كورد بوو بە خاوەنی پەرلەمان و حكوومەتی خۆی کە ئێستا توانیویەتی لە ڕووی دیپلۆماسییەوە پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی جیهان فرەوان بكات و مافەكانی كورد بە ناوەندە سیاسییەكانی جیهان بگەیەنێت.
ڕامان وریا




