د. محەمه‌د شوکری: وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمى کوردستان ئاراسته‌ى خۆى وه‌رگرتووه

هەولێر -KDP.info- سه‌رۆکى ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنانى هه‌رێمى کوردستان ده‌ڵێت، پلانى زۆر باش بۆ پێشخستنى که‌رته جیاوازه‌کان دانراوه، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى له داهاتوودا ده‌بنه سه‌رچاوه‌ى داهات، له‌وانه گه‌شتوگوزار، پیشه‌سازى، کشتوکاڵ و، سه‌رجه‌م که‌رته‌کان به شێوه‌یه‌ک پلانیان بۆ دانراوه که ئاسانکاریی ته‌واو بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانى ناخۆ و ده‌ره‌وه ده‌کرێت، به‌ده‌ر له‌وه هه‌ماهه‌نگى و کارى هاوبه‌ش له نێوان کوردستان و وڵاتانى دیکه‌ى سه‌رکه‌وتوو له بوارى وه‌به‌رهێناندا ده‌ستی پێ کردووه، که بێگومان ئەنجامی باشیان ده‌بێت.
د. محەمه‌د شوکری، سه‌رۆکى ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنانى هه‌رێمى کوردستان، به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموکراتى کوردستاى ڕاگه‌یاند: "له چوارچێوه‌ى پلانى وه‌به‌رهێنان و به پشتبه‌ستن به‌و ڕوئیایه‌ى به‌ڕێز سه‌رۆکوه‌زیران کە هه‌ر له سه‌رەتاى کابینه‌که‌وه هه‌یبوو، به‌رده‌وامین له‌سه‌ر بنیاتنانى ژێرخانێکى پته‌و بۆ ئابووریى کوردستان، که خۆى له دروستکردنى ڕێگاوبان و بەنداو و له هێڵەکانی گه‌یاندنى ناوه و ده‌ره‌وه و دروستکردنى ژێرخانى خزمەتگوزاری و خزمه‌تگوزارییه‌کان که بریتییه له سیستەمى دارایى و بانکى و بابه‌تى ته‌مویلکردن، کە به شێوه‌یه‌ک ڕێک بخرێت هه‌مووى ئاسانکاریی بێت بۆ وەبه‌رهێنه‌ران که ئه‌مڕۆ سه‌رقاڵى چاره‌سه‌رکردنى ئه‌و کێشانه‌ن، ئه‌مه جگه له‌وه‌ى هه‌رێمى کوردستان ژینگه‌یه‌کى له‌باره، که ئه‌گه‌ر بێت و کارى له‌سه‌ر بکرێت خاوه‌نى داهاتێکی یه‌کجار زۆره و ده‌توانین چه‌ندین داهاتى لێ وه‌ده‌ست بخەین، به‌تایبه‌ت لە بوارى پیشه‌سازیدا که بوارێکى گرنگه و له ته‌واوى دونیا به شاده‌مارى ئابوورى داده‌نرێت، جگه له‌وه‌ى به‌رنامه‌ى زۆر گه‌وره دانراوه له بواری گه‌شتوگوزار و پێشخستنیدا.''
د. محەمه‌د شوکری گوتیشى: "بێگومان به‌رهه‌مى هه‌موو ئه‌م هه‌نگاوانه له داهاتوودا ده‌بینرێن و سه‌ره‌تایه‌کى باش ده‌ستى پێ کردووه له هه‌ندێک له که‌رته‌کان ئەنجامی باش به‌ده‌ست هاتووه و به‌تایبه‌ت ئێستا کە به‌ڕێز سه‌رۆکوه‌زیران و شاندى حکوومه‌ت له دوبه‌ى له بواره‌کانى هاوکارى و ته‌کنه‌لۆژیی به‌ڕێوەبردندا یادداشت و لێکتێگه‌شتنامه‌یه‌کى له‌گه‌ڵ ئیمارات واژوو کرد، بێگومان هه‌مووى ده‌چێته خزمه‌تى ئابوورییه‌کى به‌هێز و گواستنه‌وه‌ى ئه‌زموونى سه‌رکه‌وتووى وڵاتان یه‌کێکى دیکه‌یه له‌و هێڵانانه‌ى که له چوارچێوه‌ى پلانه‌کانمان ئیشى له‌سه‌ر ده‌که‌ین تاکوو باشتر و تۆکمه‌تر خۆمان بۆ قۆناغى ئاینده ته‌یار و ئاماده بکه‌ین".
سه‌رۆکى ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنانى هه‌رێمى کوردستان ڕوونیشى کرده‌وه: "بێگومان ئاراسته‌ى وه‌به‌رهێنان به دیاریکراوى بۆ ئه‌و کەرتانه ده‌بێت که ده‌بنه سه‌رچاوه‌ى داهات و ئابوورییه‌کى جێگیر دروست دەکەن، تا بتوانرێت سه‌رچاوه جیاوازه‌کانى به‌رهه‌مهێنان به‌کار بهێنرێت، به‌دڵنیایییەوە هه‌وڵه‌کان بۆ بنیاتنانى کوردستانێکى به‌هێزه و گه‌شبینین به‌وه‌ى که ئەنجامی باشى لێ به‌ده‌ست دێت و ته‌نها له‌سه‌ر کات وه‌ستاوه".
ئه‌رسه‌ڵان ئه‌حمه‌د




