"پڕۆژەیەکی ستراتیژی لە دھۆک جێبەجێ دەکرێت"

دھۆک-KDP.info- بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پڕۆژەیەکی ستراتیژی لە پارێزگای دھۆک جێبەجێ دەکرێت و بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی دھۆکیش دەڵێ، پڕۆژەکە کاریگەریی لەسەر دەرفەتی کار دەبێت لە پارێزگای دھۆک.
کوردۆ ئیحسان، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پڕۆژەیەکی پیشەسازی و گەشتیاریی گرینگ لە پارێزگای دھۆک جێبەجێ بکرێت، پڕۆژەکە ستراتیژییە و ئێستا ناتوانین وردەکاری لەبارەی ناوەڕۆکی پڕۆژەکە ئاشکرا بکەین".
لە کۆبوونەوەی مەسروور بارزانی لەگەڵ خەڵکی دھۆک ڕایگەیاندبوو، پڕۆژەیەکی ستراتیژی لە دھۆک دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن و سوودی زۆری بۆ خەڵکی دھۆک دەبێت.
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی دھۆک دەڵێت: "جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژە ستراتیژییە کاریگەریی لەسەر دەرفەتی کار دەبێت بۆ پارێزگای دھۆک، چونکە ھەر لە کاتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەوە تا تەواوبوون و دەستبەکاربوونی، خەڵکی دھۆک تێدا سوودمەند دەبن".
قائید میرۆ




