٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کۆمپانیا گەورە و سەرەکییەکانی ئیمارات دێن لە ھەرێمی کوردستان کاری وەبەرھێنان دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان گوتی، بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا کۆمپانیا گەورەکانی ئیمارات کە لە جیھاندا وەبەرھێنان دەکەن، بێن لە چەندین بواری جیاوازدا لە ھەرێمی کوردستان کار بکەن.

سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان ، دکتۆر محەمەد شوکری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئێمە سەردانی ئیماراتمان کرد و ئەنجامی باشی ھەبوو، چونکە بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا کۆمپانیا ئیماراتییەکان بێنە ھەرێمی کوردستان و کاری وەبەرھێنان بکەن کە ئەمەش ھەنگاوێکی باشە و بەرھەمێکی باشی سەردانەکەشمان بوو کە لە ماوەی ڕابردوودا بۆ وڵاتی ئیمارات کردمان.''

دکتۆر محەمەد شوکری گوتیشی: ''ئەو کۆمپانیایانە دێنە ھەرێمی کوردستان لە بواری ژێرخانی ئابووری و گەشتوگوزار و وزە و کشتوکاڵ و کڕین و فرۆشتنی کەلوپەلی ھەرێم لە میوە و سەوزە و بەرھەمەکانی دیکەدا بەشدار دەبن و کاری وەبەرھێنان دەکەن.''

شوکری ڕوونیشی کردەوە: ''بڕیارە کۆمپانیا سەرەکییەکانی ئیمارات کە لە جیھاندا وەبەرھێنان دەکەن بێنە ھەرێمی کوردستانیش وەبەرهێنان بکەن و، ئەوەش بۆ ھەرێمی کوردستان زۆر گرنگ دەبێت و ئێمەش ھەموو ھاوکاری و ئاسانکارییەکیان بۆ دەکەین.''

بڵند ئیبراھیم 


 

هەواڵی پەیوەندیدار