٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کرێکاران ستایشی بڕیارەکەی حکوومەتی ھەرێم دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە فەرمی بڕیاری دا کە نابێت مووچەی ھیچ کرێکارێک لە کەرتی تایبەت لە ٣٥٠ هەزار دینار کەمتر بێت و هەروەها نابێ مووچەی ھیچ کرێکارێکیش کە بە کاتژمێر کار دەکات، کاتژمێری لە ٢ هەزار و ٥٠٠ دینار کەمتر بێت، کرێکارانیش ستایشی ئەو بڕیارەی حکوومەتی ھەرێم دەکەن و پێیان وایە، بەو شێوەیە خاوەنکار و پڕۆژەکان ناتوانن ستەم لە کرێکاران بکەن.

رەدوان حەسەن، کە لە کارگەی دروستکردنی مەڕمەڕی سەر کەوەنتەر کرێکارە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەو بڕیارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دڵخۆشکەرە بۆ ئێمە، کە مووچەمان بۆ دیاری کراوە لە بەرامبەر ئەو کارەی دەیکەین، چونکە بەیانی تا ئێوارە کرێکار ھەیە کار دەکات و مووچەی ناگاتە ٢٥٠ هەزار دینار، ئەمەش بەشی بژێویی ژیانی ناکات لەم دۆخەی ئێستا ھەیە و ناچاریشە لە بێکاری کار بکات، بەڵام کە خاوەنکار ناچار دەکرێت، وا دەکات راستەوخۆ مووچەی زیاد بکات، بۆیە ھەنگاوێکی گرنگە و جێگەی دەستخۆشییە".

لای خۆشیەوە، وڵات شاکری کرێکار لە کارگەی دروستکردنی ماست، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "من خۆم مووچەم ٣٠٠ هەزار دینارە و رۆژانە ھەشت کاتژمێر کار دەکەم، کە مووچەم زیاد بکرێت، زۆر پێی دڵخۆشم و سوپاسی حکوومەتی ھەرێم دەکەم ئەو بڕیارەی داوە، چونکە ئەو مووچەیەی وەری دەگرم، بەشم ناکات و ناتوانم بە ھۆی کارەکەمەوە کاری دیکەشی لەپاڵ بکەم، بۆیە گرنگە ھەر کارێک بکەی بتوانی ژیانتی پێ بەڕێ بکەیت، ھیوادارین خاوەنکارەکانیش ئەوەیان لە بەرچاو بێت".

ھەر لەوبارەیەوە، عەممار زەنگەنە، کە گەنجێکە و لە دوکانێکی فرۆشتنی جلوبەرگ کار دەکات، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "من مانگانە ١٥٠ هەزار دینارم پێ دەدرێت، کە لە دوکانی فرۆشتنی جلوبەرگ کار دەکەم، پارەکەش زۆر کەمە، بەڵام پێم خۆش نییە بێکار بم، کە ئەو بڕیارەشم بیست، زۆر دڵخۆش بووم، جا بە مانگانە پارەمان بۆ زیاد بکرێت یاخود بە کاتژمێر حیساب بکرێت، ھەردووکیمان پێ باشە و بڕیارێکی گرنگە، حکوومەتیش سەلماندی خەمی کرێکارانیەتی و ئێمەش دەستخۆشییان لێ دەکەین و سوپاسگوزاریانین".

بڵند ئیبراھیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار