٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

محەمەد شوکری بۆ KDP: مەبەستی حکوومەتی ھەرێم ئەوەیە پێویستمان بە دەرەوە نەبێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ٢ هەزار و ٥٠٠ پڕۆژەیان راگەیاندووە، بۆ ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان لە ھەموو بوارەکاندا ئەنجام بدرێن. دەشڵێ، زیاتر جەخت لەسەر ئەنجامدانی پڕۆژە لە سێ سێکتەری سەرەکی دەکەن، ئەوانیش پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزارن.

دکتۆر محەمەد شوکری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پلان و پڕۆفایلی وەبەرھێنانی زاخۆمان ئامادە کردووە و ماستەرپلانی زاخۆ و ناوچەی پیشەسازیی زاخۆش ئامادەیە، هەروەها بۆ دھۆکیش پڕۆفایلمان بۆ ھەموو قەزا و ناحیەکان ئامادە کردووە، لەگەڵ قەزای شێخان، چونکە ئەمساڵ دەمانەوێت لە سێ سێکتەر کار بکەین، کە بریتین لە کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوزار، لە دھۆکیش هەر ئەمساڵ ناوچەیەکی نێودەوڵەتیی پیشەسازی دروست دەکەین".

شوکری گوتیشی: "ھەر ئەمساڵ لە پارێزگای ھەولێر دوو ناوچەی پیشەسازی دروست دەکرێن، بۆ ئەو مەبەستە و چۆنیەتی دروستکردنیان، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبووینەتەوە و خزمەتگوزاریش بۆ ناوچەی تیمارت دەبەین، هەروەها بۆ ناوچە گەشتوگوزارییەکانیش لە شەقڵاوە ئەمساڵ دەست پێدەکەین و لە سۆرانیش ماستەرپلانی گەشتیاری ئامادە کراوە، کە لە ناوچە گەشتیارییەکان پڕۆژە ئەنجام بدەین، هەروەها ھەفتەی داھاتووش بۆ ئەو مەبەستە کۆبوونەوە دەکەین".

ناوبراو باسی لەوەش کرد: "بۆ سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین ھەموو ئامادەکارییەک کراوە و ئەمساڵ ناوچەی گەشتیاری و کشتوکاڵی و پیشەسازی دروست دەکرێن، کە لە ھەڵەبجە ٤٠٠ دۆنم زەوی تەرخان کراوە و دەست بە دروستکردنی ناوچەی پیشەسازی دەکەین، دواتریش دەست بە ناوچەی پیشەسازی گەرمیانیش دەکرێت و ئەوەی سلێمانییش دەستی پێکردووەتەوە و خزمەتگوزاری بۆ دابین دەکرێت و دەکەوێتە کار، بۆیە ئەمساڵ پلانمان ھەیە کاری باش لە سێ سێکتەری سەرەکیدا بکەین، ئەوانیش پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزارن".

سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: "پلانی خۆمان بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە راگەیاندووە، کە خۆی لە ٢ هەزار و ٥٠٠ پڕۆژەدا دەبینێتەوە و کار دەکەین بۆ ئەوەی زیاتر پڕۆژەکان بخەینە کار، کە لە ھەموو بوارەکاندان و بە سێ زمانیش بڵاو کراونەتەوە، تەنھا ئەمساڵیش بە گوژمەی ١٠٠ملیۆن دۆلار مۆڵەتمان داوە و ١٠٤پڕۆژەش پەسەند کراون، بۆیە لە ماوەیەکی نزیکدا مۆڵەتیان پێ دەدەین تا بکەونە بواری جێبەجێکردنەوە".

دەشڵێ: "مەبەستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە، کە بەرھەمی ناوخۆ زیاد بکرێت و پشت بە بەرھەمی خۆمان ببەستین، بە جۆرێک کە ھەموو جۆرە بەرھەمێک لە ناوخۆ بەرھەم بێت و پێویستمان بە دەرەوە نەبێت".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار