بەڕێوەبەری سووتەمەنی: بڕیار دراوە رێگە بە ھاوردەکردنی سووتەمەنی بدرێت

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری سووتەمەنیی ھەولێر رایگەیاند، بڕیار دراوە رێگە بە ھاوردەکردنی سووتەمەنی و غاز بۆ ھەرێمی کوردستان بدرێت، بۆ ئەوەی نرخەکەی هەرزانتر بێت، چونکە ھاتنی سووتەمەنی و غاز لە دەرەوە و ئەو بڕەی ئێمە دابەشی دەکەین، دەبێتە ھۆکاری ئەوەی کە نرخەکەی هەرزان بێت.
ئاری کاکەشین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بە ھۆی ئەوەی سووتەمەنی و غاز لە ھەرێمی کوردستان کەمە، ئێمە داوامان کردبوو رێگە بدرێ تا لە دەرەوە ھاوردە بکرێت، بۆ ئەوەی سووتەمەنی و غاز زۆر بێت لە بازاڕ، ئەمەش وا دەکات نرخەکەی هەرزان بێت، بە تایبەت ئەگەر لە عێراقەوە بێت، چونکە لای ئەوان نرخەکەی هەرزانە، بۆیە نووسراومان بۆ ھاتووە و داوامان لێ کراوە چاودێریی ھاوردەکردن بکەین و ئامێری پشکنین دانێنین لە کاتی ھاوردەکردندا، بۆ ئەوەی سووتەمەنی و غازێکی باش بۆ ھەرێمی کوردستان بێت، چونکە وەکو ھەنگاوی یەکەم لە عێراق دێت و دواتر ئەگەر لە وڵاتانیش بێت، باشتریش دەبێت، بۆیە ئەمە ھەنگاوێکی زۆر باشە".
بەڕێوەبەری سووتەمەنیی ھەولێر ڕوونیشی کردەوە: "ئەگەر سووتەمەنی و غاز لە بازاڕ زۆر بێت، نرخیشی هەرزان دەبێت، چونکە نرخی یەک لیتر بەنزین لە عێراق بە ٤٥٠ دینارە و ئەگەر بێتە ھەرێم نرخی لەوەی ئێستا زۆر هەرزانتر دەبێت و تەنھا بەنزینی باش نرخەکەی زیاتر لە ١٠٠ دینار کەمتر دەبێتەوە، بەڵام رێگە بە ھاوردەی غاز و بەنزین و گازیش دەدرێت".
کاکەشین گوتیشی: "ھۆکاری گرانیی نرخی سووتەمەنی و غاز ئەوەیە، بڕەکەی کەمە، ئەمەش وای کردووە نرخی گران بێت، بۆیە تا کێشەی سووتەمەنی و غاز چارەسەر دەبێت و زۆر دەبێت، لە دەرەوە ھاوردە دەکرێت، چونکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەوڵی بەردەوامدایە بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە".
بڵند ئیبراھیم




