٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ھەر ناوچەیەک لە دەستی پێشمەرگەدا بێت ئەمنیەتی پارێزراوە"

سەرچاوە: KDP.info

مەخموور -KDP.info- ھێزی پێشمەرگە لەو ناوچانەی کە بۆی گەڕاوەتەوە ھەمووی کۆنترۆڵ کردووە و ئەمنیەتیشی پارێزراوە و جووڵەی داعش بەتەواوی بنبڕ کراوە، بەڵام تاوەکوو ئێستاش بۆشایی ھەیە لە ناوچەکە و پێویستی بە ھێزی ھاوبەش ھەیە بۆ ئەوەی داعش بەتەواوی جووڵەی نەمێنێت، فەرماندەیەکی پێشمەرگەش دەڵێت، لە سنووری مەخموور و لە گوندی خدرجیجە ھێزی پێشمەرگە بڵاوەی پێ کراوە و ھیچ ھێرشێک بۆ سەر ئەو گوندە نەکراوە و ڕێگەش بە ھیچ جۆرە ھێرشێک نادەین، چونکە ھێزی پێشمەرگە ئەمنیەتی ناوچەکەی لەئەستۆی خۆی گرتووە.

کرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەخموور، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دوای ھاتنی ھێزی پێشمەرگە بۆ سنووری ئەو گوندانەی داعش ھێرشی دەکردە سەریان لە ماوەی ڕابردوودا لە گوندی خدرجیجە و لھێبان بەتەواوی کۆنترۆڵ کراوە و ئەمنیەتی ھێزی پێشمەرگە دەیپارێزێت و داعش ناتوانێت لەو گوندانە نزیک بێتەوە، چونکە ھێزی پێشمەرگە لە کوێ بێت داعش ناتوانێت لێی نزیک بێتەوە، بەڵام لە سنووری ناحیەی قەراج بۆشاییی ئەمنی ھەیە و پێویستی بە ھێزی ھاوبەش ھەیە بۆ ئەوەی پڕ بکرێتەوە، چونکە لەو ناوچانە جموجۆڵی داعش ھەیە.''

کرمانج عەبدوڵڵا گوتیشی: ''ھێزی پێشمەرگە بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییی ئەمنی ئامادەیە و چاوەرێی ھێزی عێراقی دەکرێت، بۆیە پێویستە پەلە بکرێت، چونکە لەو ناوچانە داعش ھەیە و بەردەوام لە گوندەکان جموجۆڵیان هەیە.''

لەم بارەیەوە، فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە، عەقید یادگار ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئێمە لەو گوندانەین کە داعش ھێرشی دەکرد، بەتایبەت گوندی خدرجیجە، کە شەوی ڕابردوو خۆم لەوێ بووم داعش ناتوانێت ھێرشی بکاتە سەر و ھیچ ھێرش نەکراوە، چونکە لای ھێزی پێشمەرگە کۆنترۆڵ کراوە و ئەمنیەتی پارێزراوە، تەنھا لەو گوندانە داعش ھەیە کە بۆشاییی ئەمنی ھەیە لە سنووری ناحیەی قەراج لە گوندەکان، بۆیە لە سنووری ھێزی پێشمەرگە سەنگەرەکان قایم کراون و ڕێگە بە ھیچ جۆرە ھێرشێکی داعش نادرێت.''

گوتیشی: ''خەڵکی ئەو گوندانەی ھێزی پێشمەرگەی لێیە زۆر بەئارامی بێ ترس دەژین و ھێزی پێشمەرگە پارێزگارییان لێ دەکات.''

 

بڵند ئیبراھیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار