٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەمید فەھمی سندی: لە ناوەران شکست بە هەوڵێکی بەزاندنی سەنگەرەکانی پێشمەرگە ھێنرا

سەرچاوە: KDP.info

ژمارەیەک چەکدار لە میحوەری ناوەران خەریکی دزەکردن بوون بۆ نێو سەنگەرەکانی پێشمەرگە و فەرماندەی میحوەرەکەش دەڵێت، لە ڕێگەی دووربینی حەرارییەوە بینراون و هەوڵەکەیان شکستی ھێنا.

عەمید فەھمی سندی، فەرماندەی میحوەری ناوەران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "شەوی سێشەممەی ڕابردوو ژمارەیەک کەس لە میحوەری ناوەران ویستوویانە دزە بکەنە نێو سەنگەرەکانی پێشمەرگە و لە ڕێگەی دووربینی حەرارییەوە بینراون، دوای دەستنیشانکردنی شوێنەکە لەلایەن ھێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە دراونەتە بەر دەستڕێژ و بەرەو شوێنی نادیار ڕایان کردووە.''

فەرماندەکەی پێشمەرگە دەڵێت: "گومان دەکرێت ئەو کەسانە چەکداری تیرۆریستی داعش بووبن، چونکە بەھۆی ھەبوونی سەنگەرەکانی پێشمەرگە و دواتر سەنگەری ھێزە عێراقییەکانەوە ناوچەکە ئەمنییە و خەڵکی مەدەنی خۆی نزیکی سەنگەرەکان ناکاتەوە.''

عوسمان ڕیشە، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و ھۆشیاریی وەزارەتی پێشمەرگەش بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەماھەنگیی باش لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق ھەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی داعش و ئۆپەڕاسیۆنەکانی پێش سەری ساڵ کاریگەریی لەسەر جووڵەی چەکدارانی داعش ھەبووە، بڕیارە ئەو ھەماھەنگییە و گۆڕینەوەی زانیاری لە نێوان ھەردوولا بەردەوام بێت.''

عەمید فەھمی سندی ڕوونی کردەوە: "دوای جووڵەکانی داعش لە کۆتاییی ساڵی ڕابردوو ھەموو ئامادەکارییەک بۆ وەڵامدانەوەی چەکدارانی داعش کراوە و سەنگەرەکانی پێشەوە نۆژەن کراونەتەوە و دووربینی حەراری بۆ سوودوەرگرتن لە ئامێری سەردەم دابین کراوە، لەبەر ئەوەش ھەر هەوڵێکی دزەکردن و ھێرشکردن بۆ سەنگەرەکانی بەرەنگاری ھەبێت، ئەوە پێشمەرگە بەتوندی وەڵامی دەبێت.''

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار